سبەی 28یەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت

:: PM:01:12:19/11/2025 ‌
بڕیارە سبەی 28یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ لە سلێمانی بەڕێوە بچێت و چالاكییەكە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

ئەگەرچی بەهۆی كێشەكانی ئەم ستافە لەگەڵ ستافی پێشوو كە مەلا بەختیار سەرپەرشتیی دەكردن، فێستیڤاڵەكە ئەو پێگەیەی جارانی نەماوە و ساڵی رابردوو زۆرینەی نووسەر و ئەدیبە باشەكان بایكۆتیان كرد، بەڵام فێستیڤاڵەكە ئەمساڵیش بەڕێوە دەچێت.

دكتۆر ئیبتیسام ئیسماعیل سەرۆكی بنكەی ڕووناكبیری گەلاوێژ، لەبارەی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ بەمجۆرە زانیاریی خستووەتەڕوو:
بڕیارە سبەینێ 20ی تشرینی دووەم 28یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ لە سلێمانی بەڕێوە بچێت، چالاكییەكە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

دەشڵێت: یەكەم ڕۆژی فێستیڤاڵ ئاهەنگی دەستپێكە و چەندان بڕگەی موزیك و گۆرانیی تێدا دەبێت، چەندان بڕگەی هۆنراوە و خەڵات هەیە. لە دووەمین ڕۆژی فێستیڤاڵیشدا تەوەرێكمان تایبەتە بە 11 توێژەر، كە توێژینەوەی هەمەچەشن لەخۆ دەگرێت و توێژەرەكان لە نەتەوەی كورد و عەرەب و فارسن.

گوتووشیەتی: پاشان بەشدارانی پیشبڕكێی هۆنراوە و چیرۆك، بابەتەكانیان پێشكەش دەكەن، هاوكات تەوەرێكی تری فێستیڤاڵ زیرەكی دەستكردە لە دنیای ڕووناكبیری و ڕۆشنبیریدا بەگشتی.

ئەوەشی خستەڕوو: هەر لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەكەدا چەند چالاكییەكی  هەیە كە یەكێكیان پێشانگای كتێبە، خانەی چاپ و بڵاوكراوەكانی كوردی و عەرەبی و فارسین كە كتێبی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزیشی تێدایە، هەروەها پێشانگەیەكی شێوەكاریمان بەناوی هەردوو هونەرمەندی شێوەكاری كۆچكردووی كورد "لالە عەبدە و قەرەنی جەمیل" دەبێت.

جێگەی ئاماژەیە فێستیڤاڵی گەلاوێژ، ساڵانە لە مانگی تشرینی دووەم لە لایەن بنكەی ڕووناكبیریی گەلاوێژ بەڕێوە دەچێت، ئەم فێستیڤاڵە لە ساڵی 1996 لەسەر دەستی مەلا بەختیار و سامی هادی و هاوڕێكانیان دامەزرا، لەوكاتەوە تا ئێستە هەموو ساڵێك لە كاتی خۆیدا فێستیڤاڵەكە بەڕێوە دەچێت و دەسگیرۆیەكی باشی نووسەر و ئەدیبە گەنجەكان بووە، بەڵام بەهۆی دووبارەبوونەوەی بەرنامەكانی و ئەو داگیركردنەی لەلایەن هێزەكانی یەكێتییەوە بۆ سەر ئەو دەزگایانەی مەلا بەختیار لە ماوەی رابردوو رووی دا، چالاكییەكان  ئاستیان دابەزیوە.



وشە - سۆران عەزیز