حەمەسوار عەزیز: هەولێر شارێكی بێ شانۆیە هونەرمەندەكانی تەنیا لە كاتی دەستكەوتی مادی شانۆكارن

:: AM:08:55:22/11/2025 ‌
ئێستە هەولێر بووەتە شارێكی بێ شانۆ، چەند ساڵێكە هیچ جووڵەیەكی شانۆی تێدا نەماوە و وەك دەڵێن شانۆ لە هەولێر كۆتایی هاتووە. رەخنەگرێكیش رای گەیاند، شارەكە پڕ بووە لە شانۆكاری میزاجی كە تەنیا لە كاتی بوونی دەستكەوتی مادی و ڕێزلێناندا شانۆكارە، لە كاتی تر خەریكی هەموو شتێكە تەنیا شانۆ نەبێت.

لەگەڵ ئەوەی هەولێر وەك پایتەختی كوردستان لە بواری ئابوری و بیناسازی و رێگەوبان و پڕۆژەی ستراتیجی بەردەوام پێش دەكەوێت، بەڵام لەلایەنی هونەرییەوە بەتایبەت هونەری شانۆ پاشەكشەیەكی زۆری كردووە.

ئەگەرچی ئەم شارە لە شەستەكان و حەفتاكان و هەشتاكانی سەدەی رابردوو گرووپگەلێكی چالاكی شانۆی هەبووە و رۆڵیان لە مێژووی شانۆی كوردیدا گەلێك دیارە، بەڵام ئێستە هیچ هەولێر لە ئارادا نەماوە و وا چەند ساڵە تەنانەت یەك شانۆش نمایش نەكراوە.

لەمبارەیەوە رەخنەگری دیاری شانۆیی حەمەسوار بۆ "وشە" گوتی، كێشەی نەمانی شانۆ لە هەولێر، ڕەگوڕیشەی كۆمەڵایەتی و كولتووریی قووڵی هەیە و پێوەستە بە كۆمەڵێك هۆكاری جیاواز، یەك لەوانە ئامادەیی شانۆیە لە ڕووبەرە كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەكەی شار، كە هەمیشە ئامادەییەكی لاواز بووە، بە تایبەت دوای ڕاپەڕین.

بەبڕوای حەمەسوار، هۆكاری دووەمی نەبوونی دیدگەیەكی ڕوونی حكوومەت و شانۆكارە بۆ وەزیفەی كۆمەڵایەتیی شانۆ لەناو كۆمەڵگەدا، هۆكاری سێیەم نەبوونی شانۆكاری رژد و خەمخۆرە كە ئەو ڕەوشەی قبووڵ نەبێت و هەوڵ بدات پلان و پڕۆژەی جێگرەوەی هەبێت.

ئەو رەخنەگرە لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ "وشە" گوتی، شارەكە خۆی بەهۆی پێكهاتەی كولتوورییەوە ناتوانێ چاودێر بەسەر داهێنان و بە سیستمی سزا و پاداشت كار بكات، لە پاڵ ئەمانەشدا جۆرێك لە پەرتەوازەیی و ناكۆكی ڕوون لەناو شانۆكاران هەیە و ناتوانن بەیەكەوە كار بكەن، شارەكەش پڕ بووە لە شانۆكاری میزاجی كە تەنیا لە كاتی بوونی دەستكەوتی مادی و ڕێزلێناندا شانۆكارە، لە كاتی تر خەریكی هەموو شتێكە شانۆ نەبێت.



وشە - سۆران عەزیز