د. ڕازاو گوڵی: مەزەوی جەعفەری دژی ژنە و هیچ رێزێكی لێ ناگرێت

:: PM:03:52:23/11/2025 ‌
لە هۆتێل هایكریست لە سلێمانی، ڕێكخراوی پێوەندییەكانی ژنانی كورد "ڕێپاك"، پانێڵێك لەبارەی "ڕۆڵی یاسای جەعفەری لە زیادكردنی توندوتیژیی دژی ژنان" ئەنجام دا.

ئەمڕۆ لە پانێڵەكەدا هەریەك لە ڕازاو گوڵی چالاكی بواری مافەكانی ژنان و هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لە یاسای باری كەسی، ڕێزان شێخ دلێر پارێزەر و چالاكی بواری مافەكانی ژنان ئەنجام درا، هەروەها ژمارەیەك لە ژنانی نووسەر و چالاك و سیاسیی وەك میوان ئامادەی بوون.

لە سەرەتادا د. ڕازاو گوڵی باسی هەمواری یاسای باری كەسیی كرد و گوتی: لە هەموو ڕێكخراوەكاندا چالاكان دژی ئەم یاسایە وەستانەوە، چونكە ڕێگە بەوە دراوە لە دەرەوەی دادگاكاندا كچێكی تەمەن نۆ ساڵ هاوسەرگیری بكات، كە هیچ بنەمایەكی دەروونی و تەندروستیی نییە.

گوڵی ئەوەشی گوت، مەزەوی جەعفەری هیچ بنەمایەكی بۆ ژیان و بەرپرسیارێتی ژیانی هاوبەش نییە، بەڵكو زەوتكردنی تەواوی ئازادییەكانی ژنە.

دواتر ڕێزان شێخ دلێر پارێزەر و چالاكی بواری مافەكانی ژنان گوتی: نابێت پێمان وابێت ئەو یاسایانەی لە عێراق دەردەچن، هیچ كاریگەرییان لەسەر هەرێم نابێت، بە پێچەوانەوە هەرچەندە یاسای پێشكەوتن هەبێت كاریگەری دەبێت، بۆیە گرنگە هەمووان هەوڵ بدەین لە هەر شارێك یاسایەكی نادروست هەبێت لە دژی بوەستینەوە، چونكە كاریگەریی تەواوی لەسەر ناوچەكانی دەوروبەری دەبێت.

باسی لەوەش كرد، نوێنەرانی كورد لە بەغدا كە بە دەنگی كورد چوونەتە پەرلەمان، لە جیاتی ئەوەی لە دژی یاساكە بوەستن، بە پێچەوانەوە دەنگیان پێ دا.



وشە - سۆران عەزیز