شاباز زەمانی 25 گۆرانیی نوێ بڵاو دەكاتەوە و زنجیرەیەك كۆنسێرتیش ئەنجام دەدات

:: PM:03:06:08/12/2025 ‌
هونەرمەند شاباز زەمانی، ئەمڕۆ دووشەم هەشتی كانوونی یەكەم لەبارەی ئەلبوومە نوێیەكەی، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی ئەنجام دا و رای گەیاند، ئەلبوومەكە ناوی "یەكپارچە" یە و  لە 25 گۆرانی پێكهاتووە.

زەمانی رای گەیاند، ئەلبوومی "یەكپارچە" بڕیارە لە 12ـی كانوونی یەكەمی 2025 بڵاو بكرێتەوە و بەو بۆنەیەشەوە زنجیرە كۆنسێرتێك رێكدەخات.
 
شاباز زەمانی ئەوەشی گوت، چوار ساڵە كار لەو 25 گۆرانییەدا دەكات و  بەو هیوایەی لە رووی هونەرییەوە ئاستێكی بەرزتری هەبێت.

 لەبارەی  كارەكانی  ئەلبوومەكە، هونەرمەند ئاماژەی بەوە كرد، كاری موزیك و میكس و ماستەرینگی بەرهەمەكان لە ئێران، توركیا و میسر ئەنجام دراون. میلۆدی و تێكستی زۆربەی گۆرانییەكان لەلایەن خۆیەوە نووسراون. هەروەها ژمارەیەك موزیكژەن و هونەرمەند كاریان تێدا كردووە.
 
ئاماژەی بەوەش دا، رۆژی پێنجشەم لە سلێمانی یەكەم كۆنسێرت بەڕێوە دەبەن، پاشان لە كەركووك و هەڵەبجە و هەولێریش كۆنسێرت ئەنجام دەدەن.



وشە - سۆران عەزیز