لە ژێر ناوی "وشكەساڵی" ئەمڕۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆك دەست پێ دەكات

:: PM:01:08:09/12/2025 ‌
ئەمڕۆ دوازدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆك لە ژێر ناوی "وشەكەساڵی" دەست پێ دەكات و بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

حەسەن عارف بەرپرسی ڕاگەیاندنی فێستیڤاڵەكە، بۆ "وشە" گوتی، هەموو ئامادەكارییەكان تەواو بوون و زیاتر لە 100 گەنجی خۆبەخش بەشدارییان لەم خولەدا كردووە. باسی لەوەش كرد، بە دەیان سینەماكار و هونەرمەندی جیهانی بەشدار دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی پێشخستنی سینەما و ناساندنی شاری دهۆك بە دنیا.

پەیامی ئەمساڵی فێستیڤاڵەكە "وشكەساڵی"یە، بەگوتەی بەرپرسانی كارەكە ئەمەش پەیامێكی جیهانییە، چونكە وشكەساڵی بووەتە مەترسییەكی گەورە لەسەر مرۆڤایەتی و سیاسەت و حوكمڕانیی وڵاتانیش دەگۆڕێت".
 
بەرپرسی ڕاگەیاندنی فێستیڤاڵەكە ئاماژەی بەوەش كرد، ئامانجیانە لە رێگەی سینەماوە پەیامی هۆشیاركردنەوە بدەنە خەڵك و بەرپرسان بۆ پاراستنی ژینگە و سەرچاوەكانی ئاو.
 
لەبارەی میوانانی فێستیڤاڵ گوتی، "میوانەكانمان تایبەتن بە بواری سینەما، رەنگە وەك ساڵانی رابردوو سوپەرستاری گۆرانیبێژی تێدا نەبێت، بەڵام ئەستێرەی دیاری سینەما و ئەكادیمییەكان ئامادە دەبن".
 
بەگوێرەی ئامارەكانی فێستیڤاڵ، ئەمساڵ 110 فیلم لە 37 وڵاتەوە وەرگیراون، كە دابەش بوون بەسەر دوو بەشی سەرەكیدا: 45 فیلمی كوردی و 65 فیلمی بیانی.
 



وشە - سۆران عەزیز