ماڵی وەفایی دەستپێشخەرییەك بۆ كتێبخانەی چەمچەماڵ رادەگەیەنێت

:: PM:02:05:10/12/2025 ‌
ماڵی وەفایی داوا لە دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەكانی كوردستان دەكات، بەرهەمەكانی خۆیان بەدیاری ببەخشن بە كتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ  كە بەهۆی لافەوەكەوە، زۆر لە كتێب و سەرچاوەكانی كتێبخانەكە لەناو چوون.

ماڵی وەفایی رای دەگەیەنێت، بەهۆی شەپۆلی بارانبارین و دروستبوونی لافاو، جگە لە  قوربانی گیانی، زیانێكی گەورەی بە ژێرخانی دامەزراوەكانی چەمچەماڵ گەیاند، لەناویشیاندا كتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ كە بەهۆی لافاوەكەوە زۆر لە كتێب و سەرچاوەكانی كتێبخانەكە لەناو چوون.

كتێبخانەكەی هەولێر دەڵێت: ئێمە لە ماڵی وەفایی، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ لەدەستدانی دوو لە هاونیشتمانییانی شارەكە، وەك بەرپرسیارێتییەكی نیشتمانی سەرجەم بەرهەمە چاپكراوەكانی ناوەندەكەمان پێشكەش بە كتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ دەكەین.

ماڵی وەفایی داوا لە سەرجەم ناوەندەكانی چاپ و بڵاوكردنەوە لە هەرێمی كوردستان و دەرەوەی كوردستان دەكات، بە پێشكەشكردنی بەرهەمەكانیان، بەشداری لە بووژاندنەوەی كتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ بكەن. 

هاوكات داوایش لە نووسەران و ڕۆشنبیران دەكات، ئەگەر بە تاكە یەك كتێبیش بێت بەشداربن لەو هەڵمەتە نیشتمانی و ئەخلاقییەدا. "هەر نووسەر و ناوەندێكیش دەیەوێت بەرهەمەكانی بە كتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ ببەخشێت، ئێمە لە ماڵی وەفایی، هاوكار دەبین لە گەیاندنی كتێب و سەرچاوەكان بە كتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ".



وشە - سۆران عەزیز