هەموو ئەو سەرچاوانەی لە ساڵی 1976وە لە كتێبخانەی چەمچەماڵ دەپارێزران فەوتان

:: AM:09:22:11/12/2025 ‌
بەڕێوەبەری كتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ ئاشكرای دەكات، بەشێكی زۆری ئەو كتێبانەی لەناو چوون، مێژوویەكی كۆنیان هەیە و لە بازاڕدا دەست ناكەون و بەهیچ شتێك قەرەبوو ناكرێنەوە.

بەهۆی لافاوەكەی چەمچەماڵەوە زیانێكی زۆر بەر كتێبخانەی گشتیی شارەكە كەوتووە، بەشی زۆری ئەو كتێبانەی كە لە ساڵی 1976وە لەناو كتێبخانەكەدا كۆ دەكرێنەوە و دەپارێزرێن، لافاوەكە لەناوی بردوون.

هێرش عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتیی كتێبخانەی چەمچەماڵ، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو كتێبانەی چەندان ساڵە دەپارێزرێن، بەهۆی لافاوەكەوە لەناو چوون و جارێكی تر شوێنیان پڕ ناكرێتەوە.

باسی لەوەش كرد، كتێبخانەكە چەندان سەرچاوەی گرنگی تێدابوو كە ئێستە لە بازاڕدا بەردەست نین، ئەمەش وادەكات كتێبخانەكە كتێبی گرنگی تێدا نەمێنێت.

بەڕێوەبەری كتێبخانەی چەمچەماڵ ئەوەشی گوت: ئەمە جاری سێیەمە بەهۆی لافاوەوە زیان بەر ئەم كتێبخانەیە دەكەوێت، بەڵام هیچ جارێك زیانەكان بەمشێوەیە نەبوون.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، زیاتر لە چوار هەزار كتێب لەناو چوون، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە حەوت هەزار گۆڤار و ڕۆژنامە تەڕ بوون و كەڵكیان نەماوە، هاوكات تەواوی دۆسیە و كەلوپەلەكانی ناو كتێبخانە زیانی زۆریان پێگەیشتووە.

ئێستە لە شارەكانی كوردستان هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی كتێب بۆ كتێبخانەی چەمچەماڵ دەستی پێ كردووە، بەشی زۆری دەزگاكان و نووسەران و خوێنەران رایان گەیاندووە كە كتێب بەكتێبخانەكە دەبەخشن، بەڵام ئەوە كێشەی كتێبخانەكە چارەسەر ناكات.

وەزیری رۆشنبیری و لاوان لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی لافاوەكەوە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، بەشێکی زۆری کتێبەکان تەڕ بوون و کەوتوونەتە ژێر لیتە و هۆڵەکانی خوێندنەوەش زیانیان پێگەیشتووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەوڵی رژد دەدەن و کار بۆ ئەوە دەکەن بە زووترین کات کتێبخانەکە نۆژەن بکرێتەوە و سەرجەم پێداویستییەکانی دابین بکرێنەوە.




وشە - سۆران عەزیز