"دەیەی زێڕینی كوردستان.. ئەو چیرۆكەی نەگێڕدراوەتەوە" كتێبێكی گرنگی تری نووری بێخاڵییە لەسەر هەرێمی كوردستان، كە لە ساڵی 2003 بۆ 2013 گەشەیەكی گەورەی بەخۆیەوە بینی و بووە جیۆگرافیایەكی پڕ بایەخی ناوچەكە.
لەبارەی كتێبەكەوە نووسەر بۆ "وشە" گوتی، "دەیەی زێڕینی كوردستان.. ئەو چیرۆكەی نەگێڕدراوەتەوە"، تەنیا گێڕانەوەیەكی بەڵگەداری چەند ساڵی ڕابردوو نییە، بەڵكو گەواهیدەری قۆناغێكی دەگمەنە كە تێیدا هەرێمی كوردستان بە كردەنی توانی لە پەراوێزەوە ببێتە پێشەنگ و لە گەمارۆدانەوە بۆ كرانەوە و سەرلەنوێ بنیاتنانەوە، هەنگاو بنێت.
باسی لەوەش كرد، لاپەڕەكانی ئەم پەرتووكە پەنجەرەی قۆناغێكی پڕ ڕووداو بە ڕووی خوێنەردا دەكاتەوە، لەناو دێڕەكانیدا ئیرادەی گۆڕانكاری هەناسە دەدات و گیانی بەرەنگاربوونەوە و دەستكەوت دەبووژێتەوە.
بێخاڵی ئەوەشی گوتووە، هەرێمی كوردستان لە ماوەی ئەو دەیەیەدا 2003 بۆ 2023، توانی بناغەی نموونەیەكی جیاواز دابڕێژێت و ڕووخساری قەوارەیەكی نوێ لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵیدا بكێشێت، كە بە باوەڕ و متمانە بەخۆبوونەوە گەشە بكات و لەگەڵ دنیادا ئاوێتە بێت، بوونی خۆی وەك پردێكی پتەو و تۆكمەی لێكتێگەیشتن و هاوسەنگی لە ناوچەیەكی ئاڵۆز و پڕ گرژیدا بسەلمێنێت.
ئەم پەرتووكە هەر بە گێڕانەوەی ڕووداوەكان واز ناهێنێت، بەڵكو هەوڵ دەدات لە بەستێنی مێژوویی و سیاسیی ڕووداوەكانیش تێبگات. هاوكات ئەو ڕاستییەش زەق بكاتەوە كە ئەوەی تا ئەمڕۆ وەدی هاتووە، ڕێكەوت نییە، بەڵكو بەر و بەرهەمی ڕوانگەیەكی سیاسی و ستراتیجییە كە لەناو گەرمەی ڕووداو و ململانێ و ئاڵنگارییەكان پێگەیشتووە.