هونەرمەند ئەیووب عەلی ئاشكرا كرد كە 12 بەرهەمی تری لە بەردەستدایە و كاریان لەسەر دەكات و هەموو ژیانیشی بۆ هونەر تەرخان كردووە، لەم رۆژانەشدا نوێترین بەرهەمی خۆیان لەگەڵ هونەرمەند گارە سازكار بەناوی "ئاڵای كوردستان" بڵاو كردەوە.
هونەرمەند ئەیووب عەلی لەگەڵ هونەرمەند گارە سازكار، نوێترین بەرهەمی خۆیان بەناوی "ئاڵای كوردستان"بڵاو كردەوە. لەوبارەیەوە ئەیووب عەلی دەڵێت، تێكستەكەی سادەیە و ئامانجیان بوو منداڵان لەبەری بكەن و هەستی نەتەوەییان لا دروست بێت.
هونەرمەند ئەیووب بەبۆنەی بڵاوكردنەوەی نوێترین بەرهەمی لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان رای گەیاند، شانازیی بە كوردبوون، زمان، كولتوور و هونەری كوردی دەكات و دووپاتی كردەوە، "كاری ئەمجارەمان تایبەت بوو بە ڕۆژی ئاڵای كوردستان" و پێشوازیی زۆری لێ كرا.
"ئاڵای كوردستان" بە هەردوو زاراوەی سۆرانی و كرمانجییە و لەگەڵ هونەرمەند گارە سازكار بەشێوەی دوێت بەرهەم هاتووە، بەرهەمەكە هەمان پڕۆژەی بەرهەمی "كوردم"ـە، بە هەمان ستایل گۆرانییەكە بەرهەم هێنراوە".
هونەرمەند ئەیووب عەلی خۆی ئاواز و موزیكی گۆرانییەكەی داناوە، خۆیشی تێكستی بەشی سۆرانییەكەی نووسیوە، بەشی تێكستە كرمانجییەكەش لەلایەن گارە سازگار نووسراوە. هاوكات هونەرمەند ئۆرهان بڵگەهـ كە خەڵكی باكوری كوردستانە، لە شاری لەندەن ستۆدیۆی خۆی هەیە و گۆرانییەكەی تۆمار كردووە. میكس و ماسترینگەكەشی لەلایەن هونەرمەند تانج دومان لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا كراوە، بەشەكەی تری لە باشووری كوردستان كراوە.
ئەیووب عەلی گوتی: "لە رێگەی ئەم گۆرانییەوە دەتوانین وا بكەین نەوەی نوێ بەتایبەتی لە منداڵەكانەوە دەست پێ بكەن، بۆیە هەندێك وشەی سادەم نووسی تا منداڵان وەریبگرن و لەگەڵی بژین، چونكە كە لە منداڵییەوە هەستی نەتەوەیی هەبوو، تا گەورە دەبێت لە بیری ناچێتەوە."
لەبارەی بە پلانی داهاتووی ئەیووب عەلی دەڵێت، "پلانم زۆرە و بەرهەمی زۆر و ئاواز و تێكستی زۆرباشم ئامادەیە، جگە لە هەندێك ستایلی نوێی خۆم كە كاریان لەسەر دەكەم، ئێستە 12 ئاوازی فۆلكلۆرم لە گارە سازگار وەرگرتووە كە وەك لاوك و بەستە كاریان لەسەر دەكەم. هەروەها دوێتمان هەیە لەگەڵ هونەرمەندێكی یۆنانی، دواتر لەگەڵ ئیسپانییەكان كۆنسێرتمان دەبێت".
پێشتریش ئەو دوو هونەرمەندە گۆرانییەكیان بەناوی (كوردم) بڵاو كردەوە كە تا ئێستەیش بینەرێكی زۆری هەیە.