بەڕێوەبەرایەتیی كتێبخانە گشتییەكانی چەمچەماڵ داوا دەكات: كتێبەكانتان بێنن

:: AM:10:49:22/12/2025 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی كتێبخانە گشتییەكانی چەمچەماڵ لە بانگەوازێكدا بۆ نووسەر و رۆشنبیر و خوێنەرانی كتێب رای دەگەیەنێت، رۆژی سێشەم 23ی كانوونی یەكەم دەست بە وەرگرتنی كتێبەكان دەكەن، تا رۆژی یەكی كانوونی دووەمی 2026 بەردەوام دەبن.

بەڕێوەبەرایەتیی كتێبخانە گشتییەكانی چەمچەماڵ لە پەیامێكدا بڵاوی كردووەتەوە، بانگەواز و پەیامێك بۆ نووسەران و ڕۆشنبیران، خوێنەران و عاشقانی كتێب و كتێبخانە، ناوەند و دەزگا و كتێبخانەكان، ئەوانەی هەڵمەتی كۆكردنەوەی كتێبیان بۆ كتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ ڕاگەیاندبوو، یان بەڵێنیان دابوو كتێبەكانی كتێبخانەكەیان ببەخشن، ئێمە لە ڕۆژی سێشەم 23ی كانوونی یەكەمەوە تا رۆژی پێنجشەمی داهاتوو واتە یەكی كانوونی دووەمی 2026، ڕۆژانە لە سەعات 9:00ی بەیانی تا 3:00ی پاش نیوەڕۆ چاوەڕوانتانین و لە خزمەتاندا دەبین بۆ وەرگرتنی كتێبەكانتان.

ئاماژەی بەوەش كردووە، "جارێكی تر سوپاسی خەمخۆری و دڵسۆزیی هەمووان دەكەین لە یەكەم ساتی رووداوكەوە تا ئێستە، هاوخەم و پشتیوانمان بوون و خۆویستانە كەمپینتان ڕاگەیاند یان بڕیارتان دا كتێبی كتێبخانەكانتان ببەخشن بە چەمچەماڵ.

بەهۆی لافاوەكەی نۆی ئەم مانگەی چەمچەماڵ، باڵەخانەی كتێبخانەی چەمچەماڵ  زیانی زۆری پێگەیشت، لە ئەنجامدا نزیكەی 20 هەزار كتێب و ڕۆژنامە و گۆڤار و  بەڵگەنامەی فەرمی ژێرئاو كەوتن، دوای ئەوەش چەندان هەڵمەت و كەمپین بۆ بەخشینی كتێب بەكتێبخانەكە ئەنجام درا.



وشە - سۆران عەزیز