حوسێن ئەحمەد كە خۆی نووسەرێكی دیاری كوردە و لە فڕەنسا دەژی، كتێبێكی سەرۆك بارزانیی بەدیاری بە سەرۆكی حزبێكی گەورەی فڕەنسا دەدات.
حوسێن ئەحمەد بۆ "وشە"ی راگەیاند، كتێبەكەی سەرۆك بارزانی بۆ سیاسییەكانی ئەوروپا گرنگیی زۆری هەیە، پێم باش بوو بیگەیەنمە دەستی ژان لیوك میلان شۆ كە سەرۆكی پارتی فڕەنسای سەربەخۆیە.
كتێبی "بۆ مێژوو" لەلایەن سەرۆك مەسعوود بارزانی نووسراوە و بە چەند زمانێك چاپ و بڵاو كراوەتەوە، كۆتا چاپیشی بەزمانی فڕەنسی بڵاو كرایەوە.
بابەتی سەرەكیی كتێبەكە باس لەوە دەكات، كورد چۆن لە عێراق ھەوڵی داوە بە ئاشتی بژی وەك چۆن پێشتر خۆیان ھەڵیانبژاردووە لەگەڵ عێراق بن، بەڵام دەسەڵاتەكانی عێراق ئەو ھابەشییەی كوردیان نەویستووە و ھەمیشە بە ھاووڵاتیی پلە دوو سەیریان كردووە.
بۆیە كورد بە كۆی دەنگ بڕیاری دا لە ڕۆژی 25 ئەیلوولی ساڵی 2017 گشتپرسی سەربەخۆیی ئەنجام بدات.
دواتر كتێبەكە باسی ڕووداوەكانی دوای گشتپرسی دەكات، چۆن عێراق گومرگ و فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی داخست و ئابڵۆقەی خستە سەر ھەرێمی كوردستان.
دواتر باسی ڕووداوەكانی 16ی تشرینی یەكەم دەكات كە چۆن حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بە یارمەتی سوپای پاسداران و بە یارمەتیی باڵێك لە یەكێتی، ھێرشیان كردە سەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم و داگیریان كرد.
هاوكات باس لەوە دەكات كە دوای ئەو رووداوە سەركردەكانی عێراق، بەهیوا بوون ھەڕەشە بۆ سەر قەوارەی ھەرێمی كوردستان دروست بكەن و پەلاماریشیان دا، بەڵام لەبەرئەوە پێشمەرگە لە پردێ پێشڕەوییەكانی حەشد و سوپای عێراقی ڕاگرت و پاشەكشێیان كرد.