گۆرانیی "شەڕڤانۆ" یەكێكە لەو گۆرانییانەی كە ئێستە بەهۆی ئاڵۆزییەكانی حەلەب و هێرشی گرووپە چەكدارەكانی حكوومەتی سووریا، بووە بە ترێند لە هەر چوار پارچەی كوردستان.
گۆرانییەكە جۆرێك لە حەماسی تێدایە كە هێمایە بۆ سەركەوتنی كورد لە كاتی شەڕدا، لەم چەند ڕۆژەدا بەهۆی پاڵپشتیی كوردان لە كوردانی رۆژئاوا، گۆرانییەكە زیاتر دەنگی دایەوە.
گۆرانییەكە لەلایەن هونەرمەند حاجی مووسا گوتراوە و مێژووەكەی بۆ ساڵی 2019 دەگەڕێتەوە، كاتی هێرشی توركیا كە لە سەرێكانی شەڕ رووی دا.
ئەو كاتە هونەرمەند حاجی مووسا رای گەیاند كە گۆرانییەكە بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان گوتراوە، بەڵام لەسەر ئاستی دنیا دەنگدانەوەی هەبووە.
هاوكات شیعری ئەو گۆرانییە لەلایەن شیرۆ هیندی و ئیبراهیم فەقییەوە نووسراوە، هاوكات مەحموود بەرازی كاری تۆماركردن و بەرهەمهێنانی كردووە.
بەشێك لە شیعری شەرڤانۆ:
جەنگاوەر، تۆ كەزی دایكت قوربانت
مەهێڵە تۆڵەی ئێمە بە دەستی ئەو خوێنمژانە بێت
جەنگاوەر "شەڕڤانۆ"
جەنگاوەر من قوربانی دلێریت، چەك بەشان دڵی یارەكەت لە ئەستۆ
جەنگاوەر گورك كەوتووەتە ناو بەرخەكان
لوولەی تفەنگ بخەرە پشتیان
كورد لە كاتی شەڕی رووبەڕووبوونەوەدا زۆر بە حەماسە، تەنانەت ئەگەر پارچەیەكی كوردستان دڵی ژان بگرێت، هەر چوار پارچە دڵی ژان دەگرێت، پێشتریش دەیان سروود و گۆرانیی تر بۆ قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان گوتراوە كە لە كاتی شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعشدا، حەماسی پێ داون.