خەڵاتی زێڕین بەخشرایە د. محەمەد كەمال

:: AM:09:22:12/01/2026 ‌
لەناو جەنجاڵی و سەرقاڵی بە كێشە نەتەوەیی و بەرگرییەكانی كورد لە بوونی خۆی، دەزگای سەردەم رێزی لە نووسەرێكی بوونگەرای دیاری كورد گرت.

ئەو نووسەرە بەشكۆی فەلسەفەی كوردیی ناسراوە و چەندان بەرهەمی دانسقەی نووسیوە و وەریگێڕاوە، كەلێنێكی زۆری كتێبخانەی كوردیی لە بواری فەلسەفەدا پڕ كردووەتەوە.

لە ڕێوڕەسمێكی شكۆدار و شایستەدا لە سلێمانی، خەڵاتی زێڕینی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بۆ ساڵی 2026، بەخشرایە بیرمەند و نووسەری دیاری كورد د. محەمەد كەمال، ئەمەش وەك ڕێزلێنانێك بۆ تەمەنێك لە خزمەت و بەرهەمهێنانی فیكری و فەلسەفی لە كتێبخانەی كوردیدا.

لە ڕێوڕەسمەكەدا ژمارەیەكی بەرچاو لە ڕۆشنبیران، نووسەران و هەوادارانی فەلسەفە ئامادە بوون، ستایشی كارەكانی ئەم بیرمەندە گەورەیەیان كرد كە ژیانی خۆی بۆ فیكر تەرخان كردووە.

دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە ڕاگەیەنراوێكی فەرمیدا ئاماژەی بەوە كردووە، ئەم خەڵاتە هاوتای ڕێزلێنانێكی گەورەیە و دەبەخشرێت بەو كەسایەتییە ڕۆشنبیرییانەی كە پڕكار و پڕبەرهەمن، بۆ ساڵی 2026 د. محەمەد كەمال بەهۆی هەوڵە بێوچانەكانی لە دەوڵەمەندكردنی كتێبخانەی فیكری و فەلسەفیی كوردی، وەك براوەی خەڵاتەكە دەستنیشان كراوە و لەلایەن ئامادەبووانەوە پیرۆزبایی گەرمی لێ كرا.

د. محەمەد كەمال كە لە ساڵی 1955 لە كەركووك لە دایك بووە، یەكێكە لە دیارترین سیماكانی فەلسەفە لە كوردستان، ئەو لە ساڵی 1979 ڕووی لە زانكۆی كاراچی پاكستان كردووە و لە ساڵی 1988 پلەی دكتۆرای لەسەر فەلسەفەی هیگڵ وەرگرتووە، دروشمی سەرەكیی ئەم بیرمەندە ئەوەیە كە "دەمەوێت زمانی كوردی فێری فەلسەفە بكەم"،  تا ئێستەش لە چەندان زانكۆی جیهانی وەك وانەبێژ بەردەوامە.



وشە - سۆران عەزیز