دوای ئەوەی چەند هونەرمەندێكی رۆژهەڵاتی كوردستان پاڵپشتی خۆیان بۆ رەزا پەهلەوی راگەیاند، روبەرووی رەخنەیەكی زۆر بوونەوە و لەنوێترین هەڵویستیشدا چنور عەباس كەمەندی رای گەیاندووە، رێگەی پێنادەم چیتر گۆرانی باوكی بڵێتەوە.
لەرۆژانی پێشوو هونەرمەندان، هانی و سانا بەرزنجی و چەند هونەرمەندێكی تری رۆژهەڵاتی كوردستان لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكانیانەوە پاڵپشتی خۆیان بۆ رەزا پەهلەوی دەربری ئەمەش ناڕەزاییەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لەبەرانبەردا نەڤید زەردی هێرشێكی توندی كردە سەر سانا بەرزنجی و ڕایدەگەیەنێت كە پەشیمانە لەوەی بووەتە هۆكاری ناساندنی.
نەڤید دەنووسێت: سانا نەك تەنیا لە ئاستی ئەو متمانەیەدا نەبووە كە پێی دراوە، بەڵكو بووەتە هۆكارێك بۆ تێكدانی وێنەی جوانی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە باشووری كوردستان.
نەڤید زەردی لە پۆستەكەیدا داوا لە فۆڵۆوەرەكانی دەكات كە چیتر ناوی ئەو كچە گۆرانیبێژەی بۆ نەنێرن و پۆستەكانی بۆ نەكەنە "مێنشن"، چونكە وەك خۆی دەڵێت: "خۆم دەزانم ئەو چۆن بیردەكاتەوە و چ جۆرە كەسایەتییەكی هەیە".
نەڤید بە ڕاشكاوی داوای لێبوردن لە گەلی كوردستان دەكات و سانا بە "ڤایرۆس" ناو دەبات، ئاماژە بەوە دەكات كە ناساندنی ئەو بە خەڵك هەڵەیەكی گەورە بووە كە ئەو ئەنجامی داوە.
نەڤید جەخت لەوە دەكاتەوە، كە ئامانجی ئەو دروستكردنی ئەستێرەیەك بووە كە خزمەت بە كولتوور و ناوی كورد بكات، بەڵام ئێستە پێی وایە سانا بە ڕەفتارەكانی سیمای مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە باشوور ناشرین كردووە و ئەو متمانەیەی لەباربردووە كە لە نێوان هونەرمەندان و جەماوەردا هەبووە.
بنەمای ئەم تووڕەییەی نەڤید زەردی بۆئەوە دەگەڕێتەوە سانا بەرزنجی لە جیاتی پشتگیریكردن لە داواكارییەكانی گەلی كورد، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەستی كرد بە بانگەشەكردن بۆ ڕەزا پەهلەوی كوڕی شای پێشووی ئێران.
هاوكات چنور عەباس كەمەندی رای گەیاند، پێشتریش بەهۆی كارە خراپەكانییەوە ئاگادارم كردبوو كە چیتر گۆرانی عەباسی كەمەندی نەڵێتەوە، بەڵام ئەو دەیگووت: كەمەندی موڵكی نەتەوەیەكە و منیش لەو روانگەوە لێیگەڕام گۆرانییەكانی بڵێتەوە.
چنور دەڵێت: بەڵام ئێستە كە پاڵپشتی خۆی بۆ رەزا پەهلەوی دەربریووە چیتر رێگەی نادەم گۆرانییەكانی كەمەندی ناشرین بكات.
هاوكات ئەم رەخنانە لەچەندان هونەرمەندی تر گیراوە، لەوانە رەخنەیەكی زۆر لەهانی گیرا كە ئەویش پۆستەرێكی ئاڵای سەردەمی شای لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردووەتەوە.
چەندان كەسی تر چ وەك وەرگێر و نووسەر و هونەرمەند و خەلچكی ئاسایی دژی پۆستەكانی هانی و سانا قسەیان كردووە و تۆمەتباریان دەكەن دژی مافی رەوای گەلەكەیانن.
خۆپیشاندانەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان 20 رۆژە بەردەوامە و بەپێی زانیارییەكان تا ئێستە نزیكی 12 هەزار كەس كوژراون و ئەمەش كۆمەڵگەی كوردی و فارسی لە ئێران و دەرەوەش تووڕە كردووە و داوای رووخاندنی ئەو رژێمە دەكەن، لەبەرانبەریشدا دژی گەڕانەوەی بنەماڵەی شان و پێیان وایە ئەوانیش بەقەد رژێمی ئێستە تاوانبارن.