ڕێكخراوە كولتووری و هونەرییەكانی كانتۆنی جەزیرە ڕایان گەیاند، هەرگیز بێشەرەفی قبووڵ ناكەین و دەستبەرداری ئازادیی گەلەكەمان نابین، تا كۆتایی خاك و شارەكانمان لە هێرشی جینۆساید دەپارێزین.
تەڤگەری كولتوور و هونەری دیموكراتیكی میزۆپۆتامیا و تەڤگەری كولتووری ژنانی هیلالی زێڕین، دەستەی كولتوور و ڕۆشنبیری كانتۆنی جەزیرە، ئەنجوومەنی ئەدەبی و یەكێتیی هونەرمەندان بە بەشداریی هونەرمەندان، ڕۆشنبیران، نووسەران و شاعیرانی ڕۆژئاوای كوردستان، هەروەها نوێنەرانی ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتیكی كانتۆنی جەزیرە بڕیاریان دا چەك هەڵبگرن.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژەیان بەوە كرد، گەل ڕووبەڕووی هێرشی جینۆساید دەبنەوە، خاكەكەمان بە خوێنی هەزاران شەهید ئازاد كراوە، هیچ شتێك لە ئازادیی شكۆدارتر نییە، چەتەكان دەبێت بزانن، هەرگیز شكۆشكاندن قبووڵ ناكەین و دەست لە ئازادیی گەلەكەمان هەڵناگرین. بەرانبەر هەموو هێرشێكی دڕندانە و قڕكەر، وەك هونەرمەندان و خەباتكارانی كولتوور و هونەر تا كۆتایی خاك و شارەكانمان دەپارێزین.
"هونەرمەندان لە هەمان كاتدا شەڕڤانی گەلی خۆیانن، تا ئێستە بە گۆرانی، هەڵپەڕكێ، شانۆ، سینەما، وێنە و هەموو هونەرەكانیانەوە خزمەتیان بە گەلەكەیان كردووە، ئەمڕۆش بە چەك و بە هەموو هێزێكەوە بەردەوام دەبن لە پاراستنی گەلەكەیان"، لە راگەیەنراوەكەدا وا نووسراوە.
دووپات لەوەیش دەكەنەوە كە بە بەرخۆدان و ئیرادەی خۆیان، چارەنووسی خۆیان دیاری دەكەن، بە دەستی خۆیان ئایندەیەكی ئازاد بنیات دەنێین.
ئەوە لە كاتێكدایە كە ئێستە شەڕ لە رۆژئاوای كوردستان بەردەوامە، بەڵام سەرباری ئەوەی لە رۆژئاوا پشتیوانی گەورە هەیە، لە هەمان كاتدا لە باشووری كوردستان خۆپێشاندان و پشتیوانی سەرانسەری بۆ رۆژئاوا دەستی پێ كردووە.