ژنە هونەرمەندێكی دیاری كورد كە خەڵكی ناوچەی خوراسانە، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر كرا و ڕەوانەی گرتووخانە كرا.
بەپێی سەرچاوە خۆجێیەكان، ژنە هونەرمەندی دیاری كورد یەڵدا عەباسی كە خەڵكی شارۆچكەی شیروانە لە پارێزگای خوراسان، لەلایەن ئیدارەی ئیتڵاعاتی ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر كرا و بۆ گرتووخانەی وەكیل ئاباد گواسترایەوە.
ئاماژە بەوەش كراوە، ئەو ژنە هونەرمەندە دانیشتووی ئەڵمانیا بووە و لە گەشتەكەی بۆ ئێران و بینینی كوسوكارەكەی دەستبەسەر كراوە، هەروەها هۆكاری دەستبەسەركردنەكەی دەگەڕێتەوە بۆ پشتیوانییەكانی خۆپێشاندەرانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، جگە لەوەش بەبێ ئامادەبوونی خۆی بە ساڵێك گرتن سزا دراوە.
یەڵدا عەبباسی لە دووی كانوونی یەكەمی 1987 لە شاری شیرڤانی خوراسانی باكوور لەدایك بووە. لە تەمەنی یازدە ساڵیدا تارژەنی دەست پێ كرد. فاتمە ئیسمائیلیان دایكی یەڵدا، ناسراو بە گوڵچیھرە لە ھونەرمەندانی ڕادیۆ تەلەڤیزیۆنی پێش شۆڕشی ئیسلامی ئێران بوو.
دایكی ڕۆڵێكی گرینگی ھەبووە لە سەركەوتنیدا و بەردەوام پشتگیری لێ كردووە و لە ساڵی 1991 یەكەم ئەزموونی مۆسیقای یەڵداش ھەر لە تەمەنی چوارساڵیدا لە شانۆیەكی موزیكاڵ لە گرووپەكەی دایكیدا بوو و لەوێدا لە ڕۆڵی پوورە بەرسووركە بە فارسی «خالە سوسكە» گۆرانی دەوت.
یەكەم ئەلبومی خۆی بەناوی "كووات" واتە «با» لە ساڵی 2010 لەگەڵ ھونەرمەند موحسێن میرزادە بڵاو كردەوە و دەنگی خۆی بە جیھان ناساند.