هونەرمەند بەهجەت یەحیا ئامادەكاریی دەكات بۆ بڵاوكردنەوەی بەرهەمێك بەناوی "شەڕڤانێ".
بەهجەت یەحیا لە پێگە فەرمییەكانی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رای گەیاند، نوێترین بەرهەمی بەناوی "شەڕڤانێ" ئامادەیە و بڕیارە لە 15ی شوبات رۆژی یەكشەم 15ی شوبات، بەرهەمەكەی لە كەناڵی یوتیوب بڵاو بكاتەوە.
هونەرمەند لەبارەی هۆكاری پشتی بڵاوكردنەوەی ئەم بەرهەمەی باسی لەوە كرد، "كیژی كوردی شەڕڤان بوو بە شانازیی، نەك هەر بۆ نەتەوەی كورد، بەڵكو بۆ هەمو مرۆڤایەتی، ئەوان بەوێنەی شیرین عاشقن، بەڵام فەرهادەكەیان كوردستانە، سەلماندیان بەبێ ژن، مەحاڵە ژیان و ئازادی".
گوتیشی، "لە ڕۆژاڤاوە دایكانمان بینی كە بەدەستێك خەمی نیشتمان و بەدەستەكەی تر پرچی كیژۆڵەكانیان دەهۆنییەوە، بینیمان ژن بەو هەمو ناسكییەوە چۆن دەتوانێ ئەوەندە ڕەق بێت بەرانبەر بە ستەم، لە ساتە دژوارەكاندا بەدەم سروود و شاییەوە لە پێناوی ژیاندا باوەشیان بەمەرگدا كرد، نیشانی هەمو جیهانیان دا، كە كورد نەتەوەیەكە حەزی بەئازادی و بە ژیان و بەئاشتی و بەهونەر و ڕەنگ و موزیكە، بڕینی پرچەكان نەیانتوانی ڕۆحی بەرخودان خامۆش بكەن".
تێكست و ئاوازی گۆرانییەكە لەلایەن هونەرمەند خۆی دانراوە، ئارام سەردار كاری میكس و ماستەرینگ و بەرهەمهێنانی بۆ ئەنجام داوە.