272 سكەی زیو دۆزرایەوە و رادەستی مۆزەخانەی سلێمانی كرا

:: AM:09:17:17/02/2026 ‌
دوای دۆزینەوەی كۆمەڵێك سكەی زیو كە مێژووەكەی بۆ دوو بۆ سێ‌ سەدە پێش ئێستە دەگەڕایەوە، سكەكان رادەستی مۆزەخانەی سلێمانی كران.

ساڵی رابردوو سەتان سكەی زیو لە بێستانسوور دۆزرایەوە، دواتر هێزەكانی پۆلیس چوونە شوێنەكە و سكەكانیان كۆ كردەوە، لەگەڵ لیژنەیەكی شوێنەوار ئەو سكانەیان پاراست و دوای تەواوبوونی پشكنینی شوێنەكە، بڕیار درا ئەو سكانە رادەستی مۆزەخانەی سلێمانی بكرێت.

ژمارەی ئەو سكانە دۆزراونەتەوە 272 سكەی زیوی سەدەی 18ی زاینین و رادەستی مۆزەخانەی سلێمانی كرا، كە لە كۆتایی ساڵی رابردوو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانییەوە دەستی بەسەردا گیرابوو.

بێستانسوور گوندێكی شارەدێی عەربەتە لە شارۆچكەی ناوەندی پارێزگای سلێمانی، باشووری كوردستان لە ڕۆژهەڵاتەوە گوندی چەناخچیان و كانی پانكە و لە ڕۆژاواوە باریكە و لە باشوورەوە قەرەگۆل و كاژاو و لە باكورەوە خەرابە و شارۆچكەی عەربەتە، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتەوە بەنیمچە چیای چەناخچیان و لە باكورەوە بەچیای خەرابە و لە ڕۆژاواوە بە یاڵەكانی عەربەت- بێستانسوور و لە باشووریشەوە بەچەند گردێكی شوێنەواریی بەتایبەت گردی یاسین تەپە دەورە دراوە.

 مێژووی دروستبوونی بێستانسوور دەگەڕێتەوە بۆ سەر گۆتی و لۆلۆییەكان، وەك لە شوێنەوارەكانی گردی یاسین تەپە و قس قەڵا و سەرا كۆن و گردی كاژاو، گردی ناسراو بەگردی بێستانسوور ئەمانە شوێنەواری شارستانێتی ئەو سەردەمەیان پێوە دیارە بۆ بوونی ئەم گوندە. 

مانای گوندی بێستانسوور لە چەند واتایەكەوە هاتووە كە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوی كۆنینەی (سوورابۆ، گوڵی سوورخ، سەراسوور و چەند ناوی تر) ئەمە وەك مێژوو، وەك سروشتیش بۆچوونێك هەیە ئەم گوندە زەویوزار و چەم و ئاوی ئێجگار جوانی هەبووە كە لە بەهاراندا تێكەڵ بەگوڵاڵەسوورەیەكی زۆر بووە، دەشتەكە یاخۆ بێستانەكە سوور یان ڕەنگاوڕەنگ چووەتەوە، بۆیە پێیان گوتووە بێستانسوور، لەلایەكی تریشەوە دەڵێن گوایە سوارچاكێكی ئازا و دیار هەبووە لە ناوچەكەدا كە بە بێستان سوور ناو براوە.



وشە - رامیار جەواد