كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتەواوی ئەفغانستانی پشتگوێ خستووە، ئەمەش بووەتە مەترسی لەسەر ژنانی ئەو وڵاتە و بەبۆچوونی نووسەرێكی دیاری دنیاش، "ژنان لە سیستمەكەی تاڵیباندا خراونەتە پلەی كۆیلە و هاوسەرەكانیان بوونەتە خاوەن كۆیلە".
لە دوای بەجێهێشتنی ئەمەریكا و هاتنەوەی تاڵیبان، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەموو ئاستێكدا ئەفغانستانی پشتگوێ خستووە، تەنانەت راگەیاندنەكانیش باسی ئەو وڵاتە ناكەن.
خانمە رۆماننووسی تورك ئەلیف شەفەق نووسەری رۆمانی "چل رێساكەی عەشق " دەڵێت: "وڵاتانی دنیا ئەم رژێمە و دەرهاویشتەكانی رژێمەكەیان پشتگوێ خستووە". لەو بڕوایەدایە رژێمی تاڵیبان "پێشهاتێكی یەكجار مەترسیدارە" و رەخنەی لە بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت بەرانبەر بە تاڵیبان.
ئەلیف شەفەق لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تێلیگرام رای گەیاند: "سیستمی دادوەری تاڵیبان ترسناكە، رێگە بۆ هەموو جۆرەكانی سەركوتكردنی ژنان دەدات، لەوانە توندوتیژی خێزانی و ئەو توندوتیژییەی لەسەر بنەمای جێندەر راوەستاوە. بگرە رێگە بۆ كوشتنی ژنان دەكاتەوە".
ئەلیف لە بڵاوكراوەكەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، تاڵیبان كۆمەڵگەی بۆ توێژی جیاجیا دابەش كردووە، لەوانە چینی سەرەوە و چینی خوارەوە.
نووسەری رۆمانی چل یاساكەی عەشق، یەكێكە لەو كەسایەتییە جیهانییە دیارانەیە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان، بەردەوام قسە لە دۆخی ژنان و كچانی ئەفغانستان دەكات.
مانگی رابردوو سیستمی دادوەری بۆ دادگاكانی تاڵیبان، بڵاو كرایەوە و دوای ئەوەی لەلایەن هەیبەتوڵا ئاخون زادە رێبەری تاڵیبان واژوو كرا، چووە بواری جێبەجێكردنەوە. ناوەڕۆكی ئەم سیستمەكە هاووڵاتییانی ئەفغانستان، بەپێی چینە كۆمەڵایەتییەكانیان، بۆ ئەو تاوانانەی ئەنجامی دەدەن، ڕووبەڕووی سزای جیاواز دەبنەوە.