مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كردەكانی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ سڕینەوەی زمانی كوردی سەركۆنە دەكەن و ڕایانگەیاند، گەلی كورد نێو سەتەیە بۆ پاراستنی زمانەكەی بەرخۆدان دەكات.
سەندیكای یەكێتی مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەیان بەوە كردووە، گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆ ئەوەی زمان و شووناسی نەتەوەیی خۆی بپارێزێت سەتەیەكە بەرانبەر ئێران بەرخۆدان دەكات، ڕژێمێك، كە هەوێنی مانەوەی خۆی تەنیا لە هێزی سەركوتكردندا دەبینێتەوە.
ئاماژە بەوەش كراوە، مامۆستایان و مافخوازان بەشێكی بەرچاون لە تێكۆشەرانی ڕێگەی ڕزگاریی كوردستانن و ڕووبەڕووی ڕژێمی داگیركاریی دەبنەوە كە مەبەستیان یەكدەستكردنی زمان و كولتوورە كە بەسەر كۆمەڵگەدا بسەپێنن.
باس لەوەش كراوە، تێكڕای كردەوە دژە مرۆییەكانی دەسەڵاتدارانی ئێران سەبارەت بە سنوورداركردنی زمانی كوردیی و سڕینەوە سەركۆنە دەكەین و پێداگریی لە دەستەبەربوونی خوێندن بە زمانی دایك، واتا زمانی كوردی لە هەموو خوێندنگەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین، هەروەها شانازی بە گەنجانەوە دەكەین كە لەبەردەم زمان و شووناسی گەلەكەیان خۆیان بەبەرپرسیار دەزانن.