دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق، بڕیاری دا بە قەدەغەكردنی پەخشی زنجیرە درامای "حەمدییە" كە دەبوو لە مانگی ڕەمەزاندا پێشكەش بكرێت.
ناوەڕۆكی دراماكە ئەوەیە ژنێك لە گوندەكانەوە دێتە شار و بژێویی خۆی پەیدا دەكات، بەڵام بەشێك لە كارەكانی لەناو یانە شەوانەكاندایە و لەوێش چەندان كەسایەتیی سیاسی و ئاینی دەناسێت.
ڕووداوەكانی دراماكە باس لە ساڵانی حەفتا و هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو دەكات. دراماكە ژیانی شارنشینان دەدات كە بریتییە لە شوێنی پیرۆزی ئاینی و یانەی شەوانە و زۆر شتی تر.
درامای "حەمدییە" لە نووسینی نوور بەدری و دەرهێنانی دەرهێنەری سووری "پێر قەلام"ـە. كۆمەڵێك ئەكتەری دیاری عێراقی تێیدا بەشدارن، لەوانە: جەواد شەكەرچی، ڕەیام جەزائیری، ڕوەیدا شاهین، ئومەیمە جەواد شەكەرچی و ئەمیرە جەواد.
بەرپرسانی عێراق بەهۆی سووكایەتیكردن و هێرشی تایفی، بڕیاری قەدەغەكردنیان داوە.
دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن دەڵێت: دراماكە بێڕێزیی بە ژنی عێراقی كردووە، وێنەی ئافرەتی عێراقی شێواندووە.
بەشێك لە رەخنەكان پێیان وایە سوننەكان بەتایبەت بەعسییەكان لە پشت ئەم جۆرە كارانەوەن.
قەدری قەدووری نووسەری درامای (حەمدیە)، لە یەکەم کاردانەوەی دا بەرامبەر بڕیارەکە، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک داکۆکی لە کارەکەی کرد و نووسی: "من و حەمدیە و عێراق، سێیانەیەکین کە لێکدانەبڕاومان مەحاڵە."
قەدووری دەڵێت: "حەمدیە نە شیعەیە و نە سوننە، ئەو تەنیا ژنێکی عێراقییە؛ چیرۆکی منداڵێکی هەتیوی مافخوراوە کە قەدەر یاری پێکردووە."
هەروەها رەخنەی لەوانە گرت کە "جلی تائیفەگەرییان بە بەر چیرۆکەکەدا پۆشیووە" و داوای لە هاووڵاتیان کرد پەلە نەکەن لە بڕیاردان و چاوەڕێ بکەن تاوەکو رووداوەکان لە شاشەوە دەبینن.