ئیبراهیم تاتڵیساس كۆتاییەكی خراپی هەیە و نەفرەتی لێ دەكەن

:: AM:09:23:23/02/2026 ‌
ئیبراهیم تاتڵیساس لە دوای ئەوەی چەند كێشەیەكی خێزانی لەگەڵ منداڵەكانی هەبوو، لە چاوپێكەوتنێكدا ئاشكرای دەكات كە بەبڕی چوار ملیۆن دۆلار فێڵیان لێ كردووە.

هیچ هونەرمەندێك وەك ئیبراهیم سەر لێشێواو و كۆتاییەكی خراپی نەبووە، ئەو لە شارێكی كوردی و لە ماڵباتێكی كورد و تورك هاتە دنیا و هەر كە چووە ئیستانبوڵ، دەستی كرد بەنەفرەتكردن لە زمان و مێژووی خۆی.

بەڵام لەسەر ئەو كولتوورە دەوڵەمەند بوو، ئاوازە كوردییەكانی هەمووی گۆڕی بۆ توركی و بەوەش گەورەترین خیانەتی لە مێژووی كورد كرد، تەنانەت بەوەشەوە نەوەستا دژی كورد، بووە یەكێك لە كەسە دیارەكانی ناو توركیا.

دوای ئەوەی چەندان قۆناغی سەرلێشواوی بڕی، لە ئەنجامدا شەوێك تەقەی لێ كرا و ئیفلیجیان كرد، ئەوەش قۆناغێكی تری نوێی ژیانێكی خراپ رووی تێكرد، ئیتر لە گۆرانیگوتن كەوت و توركیش بایەخی جارانیان بۆی نەما.

ژیانی بەجۆرێك خراپ بوو لەگەڵ منداڵ و خێزانەكەی خۆشیدا كەوتە كێشە و بەر نەفرەتی ئەوانیش كەوت، ماڵپەڕی (توركیا گەزەتە) بڵاوی كردەوە، تا دێت كێشەكانی ناو بنەماڵەی ئیبراهیم قووڵتر دەبێتەوە و هەر ڕۆژە و بەهۆی دۆسیەی جیاواز یەكتری دەبەنە دادگا.

 ئەو هونەرمەندە بە چاوی پڕ فرمێسكەوە لە چاوپێكەوتنێكدا لە ماڵەكەی خۆی لە ئیزمیر بێ ئەوەی ناوی كەس ئاشكرا بكات دەڵێت، بە بڕی چوار ملیۆن دۆلار فێڵیان لێ كردم، ئەم ڕووداوە لە ناخەوە كاریگەریی لێ كردووم، هەرچەندە من هەرگیز بەهۆی سەروەت و سامانەكەمەوە پارەكانم تەواو نابێت تەنیا كەم دەبێتەوە، بەڵام لەمەوبەدوا وریاتر دەبم.

تاتڵیساس نایشارێتەوە كە كێشەی لەگەڵ منداڵەكانی هەیە و دەڵێت، لە كوڕە گەورەكەم ناوی (ئەحمەد)ـە زۆر تووڕەم و بنەماڵەكەم هیچ شتێك نەماوە لە دژی یەكتر نەیكەن و دەشڵێت، ئەحمەدی كوڕم پێنج باڵەخانەی فرۆشتووە لە شاری مانیسا و میراتە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك ئەو بڕە پارەی بەر منداڵەكانی ترم دەكەوێت نەیداوە و بەتەنیا خواردوویەتی.

لەبارەی دیلانی كچیشی تاتڵیساس بە خەمبارییەوە دەڵێت، "ئەو هەركاتێك كێشە و بێ پارە بێت، دەڵێت ئیبراهیم تاتڵیساس باوكمە، هەركاتێك پێویستی بەمن نەما دەڵێت نایناسم."

دەشڵێت: هەموو ئەوانەی نزیكم بوون ئێستە نەفرەتم لێ دەكەن و كەس لە دەورم نەماوە.



وشە - سۆران عەزیز