لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە ڕۆژی 10ـی ئادار وەك ڕۆژی جلوبەرگی نەتەوەیی دیاری كراوە، ساڵانە لە هەرێمی كوردستان لەو ڕۆژەدا چەندان چالاكیی جیاواز ئەنجام دەدرێن و هاووڵاتییان بە پۆشینی جلی نەتەوەكەیان بەشداریی دەكەن.
ئەمڕۆ سێشەم 10ـی ئادار، ڕۆژی پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەییە، ئەو ڕۆژە بەفەرمی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دیاری كراوە، لە داودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا ڕێوڕەسمی جیاواز بەڕێوە دەچن.
لە ڕۆژی 10 ئاداری هەموو ساڵێك لە هەرێمی كوردستان، دەیان چالاكیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن، تێیاندا هاووڵاتییان خۆشەویستییان بۆ جلوبەرگ و ئاڵا و نیشتمانەكەیان دووپات دەكەنەوە، ئەمساڵیش چەند چالاكییەك لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچن.
جلوبەرگی كوردی پێوەستە بە رەسەنایەتی و فەرهەنگی و نەتەوەییەكانی كورد كە مێژوویەكی كۆن و دێرینی هەیە، ئەمەیش بەشێكە لەو جیاكردنەوەیە لە نەتەوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن.
ئەمڕۆش لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان، هاووڵاتییان و فەرمانبەران و قوتابیان جلوبەرگی نەتەوەیی دەپۆشن و ئەو یادە دەكەنەوە.