رێوڕەسمی 98مین خولی دابەشكردنی خەڵاتەكانی ئۆسكار بەڕێوەچوو

:: AM:10:37:16/03/2026 ‌
رێوڕەسمی 98مین خولی دابەشكردنی خەڵاتەكانی ئۆسكار لە لۆس ئەنجیلۆس بەڕێوەچوو، تێیدا فیلمی "One Battle After Another" بە بردنەوەی شەش خەڵات، بووە گەورەترین براوە و جێسی باكلی وەك یەكەم ژنە ئەكتەری ئێرلەندی مێژووی تۆمار كرد.

98مین ڕێوڕەسمی دابەشكردنی خەڵاتەكانی ئۆسكار لە شاری لۆس ئەنجیلۆسی ئەمەریكا بەڕێوەچوو. لە رێوڕەسمەكەدا فیلمی "وەن باتڵ ئافتەر ئەنەزەر" (One Battle After Another) توانی وەك باشترین فیلمی ساڵ دەستنیشان بكرێت.

ئەم فیلمە كە لە جۆری ئەكشن و كۆمیدیای ئەمەریكییە، توانی شەش خەڵاتی جیاواز بەدەست بهێنێت. فیلمەكە لە دەرهێنانی پۆڵ تۆماس ئەندرسنە و هەریەك لە لیۆناردۆ دیكاپیرۆ و شۆن پێن وەك ئەكتەری سەرەكی تێیدا بەشدارن.

پۆڵ تۆماس ئەندرسن خەڵاتی باشترین دەرهێنەری ساڵی بۆ فیلمی "One Battle After Another"  بردەوە. لەسەر ئاستی ئەكتەرەكان، مایكڵ بی جۆردن خەڵاتی باشترین ئەكتەری پیاوی بەدەست هێنا، هەروەها جێسی باكلی خەڵاتی باشترین ئەكتەری ژنی پێ بەخشرا كە یەكەم ئەكتەری ئێرلەندییە لە مێژوودا ئەو خەڵاتە بباتەوە.

فیلمی "Sinners" كە بە واتای گوناهباران دێت، توانی چوار خەڵاتی ئۆسكار بەدەست بهێنێت. بەمەش ئەم فیلمە بووە دووەم گەورەترین براوەی رێوڕەسمەكە لە دوای فیلمی "One Battle After Another".

خەڵاتی ئۆسكار ئامانجی ستایشكردن و ڕێزلێنانە لە دەستكەوتە ھونەری و تەكنیكییەكانی بواری فیلمسازی. خەڵاتەكە كە لەلایەن ئەكادیمیای ھونەر و زانستی وێنەی جووڵاوی ئەمەریكییەوە دابین دەكرێت.

 بەدەنگی ئەندامانی ھەمان ڕێكخراو، براوەی خەڵاتەكە دیاری دەكرێت. خەڵاتەكە دابەش كراوەتە سەر چەندان بەشی جیاواز، براوەی ھەر بەشێك خەڵاتێكی زێڕینی بەناوی "خەڵاتی ئەكادیمی بۆ ستایشی لێھاتوویی" پێ دەدرێت، یان بە نازناوەكەی "خەڵاتی ئۆسكار".

خەڵاتەكە لە بنچینەدا لەلایەن جۆرج ستانلییەوە نەخشێنراوە، لەسەر بنەمای نەخشە وێنەی سێدریك گیبنس. یەكەم رێوڕەسمی دابەشكردنی خەڵاتەكە لە ساڵی 1929 بوو.

یەكەم بۆنەی خەڵاتەكە كە لەسەر ڕادیۆ گواسترابێتەوە لەساڵی 1930 بوو، ساڵی 1953 بۆ یەكەمجار لەسەر تەلەڤزیۆن پەخش كرا.

 خەڵاتەكە كۆنترین خەڵاتی بوارەكەی خۆیەتی و ئێستە لە سەرانسەری دنیادا بینەری ھەیە، بەناوبانگترین خەڵاتە و هەموو هونەرمەندان ئاواتەخوازن رۆژێك بەدەستی بێنن.




وشە - سۆران عەزیز