لە بۆنە و یادەكان بەتایبەت نەورۆزان خواست لەسەر كڕینی جامانە زۆر دەبێت، فرۆشیارێكیشی دەڵێت، لەو چەند ڕۆژانە زیاتر لە دوو هەزار جامانەم بەستووە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 19ـی ئادار، بەختیار مامەسێنی فرۆشیاری كڵاو و جامانە لە بازاڕی قەیسەری هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمساڵ جەژنی رەمەزان و جەژنی نەورۆز بەیەكەوەیە، بۆیە خواست لەسەر كڕینی جامانە و كڵاو زۆر بووە.
زیاتر گوتی، تەنیا لەو چەند ڕۆژەدا زیاتر لە دوو هەزار جامانەم بۆ خەڵكی بەستووە، ئەوە باسی فرۆشتن ناكەم تەنیا بەستنە، كڕیاریش زۆرە و بازاڕ زۆرباشە.
روونی كردەوە، لە هەولێر پێنج شوێن هەیە جامانە و كڵاو دەفرۆشن و دەشیبەستن، من 19 ساڵە ئەو كارە دەكەم هێند خواست لەسەر كڕینی كڵاو و جامانە نەبووە.
ئاماژەی بەوەش كرد، بەستنی جامانە چەندان جۆری هەیە و هەركەسێك سەردانمان دەكات، بەپێی كولتوور و نەریتی ناوچەكەی خۆی داوا دەكات، بۆیە ئێمەیش هەموو جۆرەكانی دەزانین ببەستین.