پیرەمێرد كە بە زیندوكەرەوەی نەورۆز لەباشوری كوردستان دادەنرێت بەڵام گۆڕەكەی بێخزمەت و رێز لینەگیراو ماوەتەوە.
بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە" گۆڕی پیرەمێردی شاعیر بێناز بەجێهێڵدراوە و وێنەی سەرگۆڕەكەی دڕاوە.
گۆڕی پێرەمێردی شاعیر لەگردی مامەیارەیە و ساڵانە خەڵكێكی زۆر سەردانی دەكەن، بەڵام دەسەڵاتدارانی شارەكە پشتگوێیان خستووە، ئەوەش وای كردووە گۆڕەكەی بێناز بمێنێتەوە و وێنەكەشی بەدراوی جێبهێڵدرێت.
پیرەمێرد ناوی تۆفیق كوڕی مەحموود ئاغا كوڕی ھەمزاغای مەسرەفە. لە ساڵی 1867 لە گەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایك بووە لەتەمەنی خۆیدا خزمەتێكی زۆری ئەدەب و رۆشنبیری و رۆژنامەوانی كوردیی كردووە و شیعرگەلێكی زۆری نووسیوە و چاپخانەی هێناوەتە شارەكەش.
هاوكات بەزیندوكەرەوەی نەورۆز لەباشووری كوردستان دادەنرێت. پیرەمێرد خاوەن شیعرە بەناو بەنگەكە نەورۆزە.
ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە، نەورۆزە، هاتەوە
جەژنێكی كۆنی كوردە بەخۆشی و بەهاتەوە
چەند ساڵ گوڵی هیوای ئێمە پێ پەست بوو تاكوو پار
هەر خوێنی لاوەكان بوو گوڵی ئاڵی نەوبەهار
ئەو ڕەنگە سوورە بوو كە لە ئاسۆی بڵندی كورد
مژدەی بەیانی بۆ گەلی دوور و نزیك ئەبرد
نەورۆز بوو ئاگرێكی وەهای خستە جەرگەوە
لاوان بە عەشق ئەچوون بە بەرەو پیری مەرگەوە
وا ڕۆژ هەڵات لە بەندەنی بەرزی وڵاتەوە
خوێنی شەهیدە ڕەنگی شەفەق شەوق ئەداتەوە
تا ئێستە ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتا
قەڵخانی گوللە سنگی كچان بێ لە هەڵمەتا
پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین
نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین