رۆمانووسی دیاری كورد میران ئەبراهام رۆمانێكی نوێی بەناوی "بانگی ئازادی" بڵاو كردەوە، رۆمانە نوێیەكەی وەك ئەوانی تری بووە جێی سەرنجی خوێنەران.
میران چەندان رۆمانی بڵاو كردووەتەوە و رۆمانەكانی لەلایەن خوێنەرانەوە پێشوازیی زۆری لێ كراوە و كارەكانیشی زۆریان لەبارەوە نووسراوە.
ڕۆمانی "بانگی ئازادی" گەشتێكە لە تەنیاییـەوە بۆ هۆشیاری. گەشتێكە لە بێدەنگیی گۆڕستانەكانەوە بۆ هاواری سەر لاپەڕەی ڕۆژنامەكان. زمانەكەی كە تێكەڵەیەكە لە شیعرییەت و فەلسەفە، خوێنەر ناچار دەكات لەسەر هەر ڕستەیەك بوەستێت و بیر بكاتەوە.
ئەم ڕۆمانە پێویستە گرنگی پێ بدرێت و بخوێنرێتەوە، چونكە:
١. ئاشتكردنەوەی ئێمەیە لەگەڵ مێژووەكەمان: نەك مێژوویەكی ساختە و پاككراوە، بەڵكو مێژووە ڕاستەقینەكە بە هەموو هەڵە و كەمایەسی و برینەكانیەوە.
٢. ڕاستكردنەوەی چەمكی پاڵەوان: پاڵەوان لێرەدا ئەو كەسە نییە چەكی بەدەستەوەیە، بەڵكو ئەو كەسەیە كە قەڵەمی بەدەستەوەیە و بوێریی ئەوەی هەیە بڵێت، نەخێر.
٣. گەڕانەوەی شكۆ بۆ پەراوێزخراوەكان: ژنان، كەمینە ئاینییەكان، بیرمەندە گومانكارەكان، لێرەدا دەبنە سەنتەر.
لە كۆتاییدا "بانگی ئازادی" تەنیا ڕۆمانێك نییە بۆ خوێندنەوە، بەڵكو مانفێستێكە بۆ بەئاگاهاتنەوە. وەك چۆن بەهیە لە نامەكەیدا بۆ مامۆستا مەسیحییەكەی دەڵێت: دڵنیات دەكەم بە ڕۆحێكی ئارامەوە، ئەم ڕۆمانەش بە ڕۆحێكی ئارامەوە، بەڵام بە دەنگێكی دلێر، پێمان دەڵێت: كاتی ئەوە هاتووە زنجیرەكانی عەقڵ بشكێنین، پێش ئەوەی بیر لە شكاندنی زنجیرەكانی دەست و پێمان بكەینەوە. چونكە ئازادی، پێش ئەوەی خاكێكی بەرجەستە بێت، هۆشیارییە.
رۆمانی بانگی ئازادی نووسینی میران ئەبراهام ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند چاپ و بڵاوی كردووەتەوە.
ڕۆمانی "بانگی ئازادی"، چیرۆكی ئەو ڕۆحانەیە كە لە تاریكترین ساتەكاندا، دەبنە مۆم بۆ ئەوانی تر، ڕۆمانێكە لەبارەی ئەو باجە قورسەی دەبێت بۆ "هۆشیاری" بیدەیت. لێرەدا مەرەكەب لە خوێن پیرۆزترە و وشەكان تاكە نیشتمانن كە داگیر ناكرێن.
وەرن پێكەوە گوێ لە ئاوازێك بگرین كە لە قووڵایی مێژووەوە دێت و فێرمان دەكات: "ئازادی شوێنێك نییە بۆی بچیت، بەڵكو پرسیارێكە دەبێت بیكەیت." ئایا دەكرێت مرۆڤ لەناو قەفەسی دابونەریتدا بژی و فێری فڕین بێت؟
میران ئەبراهام لە 26-03-1970 لە شاری سلێمانی لە دایك بووە و ئێستە دانیشتووی وڵاتی هۆڵەندایە. لە منداڵییەوە سەرسام بووە بە ڕەوشتی كەسوكاری و هەموو مرۆڤ و گیانلەبەرێك كە بینیویەتی، لێكدانەوە و بیركردنەوە لە شێواز و ڕەوشتە جیاوازەكان جێگەی سەرنجی بوون، هونەر بە هەموو فۆرم و شێوازەكانیەوە بە دنیای خۆی دەزانێ، بەتایبەتی هونەری گێڕانەوە. میران دەڵێت: سەرسامم بە هونەرەكانی شێوەكاری و شانۆ و موزیك، بەردەوام لەم بوارانەدا دەخوێنمەوە و بینەر و گوێگرێكی چالاكیشم، هونەر بۆ بینین یان لێتێگەیشتن. هەروەها هەندێك جار بۆ دووركەوتنەوە لە جەنجاڵی ژیان یان خۆ دزینەوە لە نووسین، لە دار پەیكەرێك دەتاشم.