بڕیار وایە لە ساڵیادی دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی كوردی لە 22ی نیسان، كتێبێكی تری "سەدیق سەعید ڕواندزی" بە ناوی "هەواڵ و ڕووماڵی هەواڵ" چاپ و بڵاوبكرێتەوە.
نووسەر لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكەیەوە بۆ"وشە" گوتی، چەند سەرنجێكی ڕەخنەییە لە بارەی ڕووماڵی هەواڵ لە میدیاكان و جیاكردنەوەی هەواڵ لە نا هەواڵ و هەروەها زمانی داڕشتن و بایەخ و پێگەی هەواڵ لەو سەردەمەدا.
نووسەر لە كتێبەكەیدا باس لەوە دەكات كە ئایا دەكرێ هەموو ڕووداوێك بكرێتە هەواڵ ؟ هەواڵ چییە؟ چۆن هەواڵ جیا دەكەینەوە لەو ڕووداوانەی بەهای هەواڵیان نییە؟ هەروەها باس لە شوناسی ڕۆژنامەنووس دەكات ، بەو مانایەی دەكرێ بە هەموو مایك بە دەستێك بگوترێت ڕۆژنامەنووس؟ ڕۆژنامەنووس چۆنە و تایبەتمەندییەكانی چین؟
نووسەر گوتی، ئەوەی هانیدام بۆ نووسینی ئەم كتێبە، لە ڕاستیدا سەرنجدانی ڕووماڵی هەواڵ و بەشێك لە كاری میدیایی دەزگا ڕاگەیاندنەكانی ئێمە بوو، كە چۆن جیاوازی لە نێوان هەواڵ و نا هەواڵ ناكەن و بە تێگەیشتنی خۆیان، دەشێ هەر ڕووداوێك و كارێك، ئیدی بكرێتە هەواڵ و لە میدیا جۆراو جۆرەكاندا پەخش بكرێت، بێ ئەوەی ڕەچاوی ئەوە بكرێت كە ئاخۆ ناوەڕۆكەكەی بەهای هەواڵی هەیە؟ یان دەگونجێت لەگەڵ لایەنی پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی كوردی؟ ئایا لێكەوتەی نەرێنی لە سەر واقیعی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە دروست ناكات؟ بۆ نموونە وەك ڕووداوەكانی كوشتن بە هۆكارە جۆراوجۆرەكانەوە. ئایا دەكرێت كوشتن ببێتە سەر دێڕی یەكەمی ڕاگەیاندن؟ ئایا جیاوازی لە نێوان شەهیدبوونی پێشمەرگەیەكی قارەمان لە بەرەكانی بەرگریدا، وەك هەواڵێك چییە لەگەڵ كوشتنی مرۆڤێك بەهۆی ڕووداوێكی زۆر كەسی و تایبەتنی و خێزانی؟ دەكرێ هەردووكییان وەك هەواڵ مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت؟ بۆ ئەوەی ڕووداوێك بكرێتە هەواڵ دەبێ تایبەتمەندییەكانی چی بن؟
نووسەری كتێبەكە دەپرسێت ئەی ڕۆژنامەنووس كێیە؟ خەسڵەتەكانی چین؟ چۆن ڕۆژنامەنووسی پڕۆفیشنال و بە ئیتیك جیابكەینەوە لە مایك بەدەستێك كە ناتوانێت دوو ڕستەی گونجاو ڕێكخراو بە زمانی كوردی دەربڕێت و بنووسێت؟ جیاوازی چییە لە ڕووماڵی هەواڵ لە نێوان هەر سێ جۆرەكەی میدیادا؟ ئەمانە و چەند بابەتێكی كتێبەكەی لەخۆی گرتوون.
شایەنی ئاماژەكردنە بەرگی كتێبەكە لەلایەن شێوەكار و دیزاینەر مامۆستا (هێڕش مەغدید باشە) كراوە و كتێبەكە خوا یار بێت، بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری كوردی لە 22 نیساندا بڵاو دەكرێتەوە.