وەزیری ڕۆشنبیری تاڵیبان رای گەیاند، نابێت شاعیرانی ئەفغانستان دەم لە هەموو جۆرە بابەتێك وەربدەن، پێویستە لەبارەی چەكدارانی بزووتنەوەكە و ئۆپراسیۆن و موجاهیدانی وڵاتەكەیان شیعر بنووسن.
شێر ئەحمەد حەقانی لە كاتی بەشداریكردنی لە كۆڕی شیعری "گوڵ ئەرخەوان" لە ویلایەتی پەروان، چەند پەیامێكی هۆشداریی ئاراستەی شاعیرانی وڵاتەكەی كرد و پەیامەكانی زیاتر ئامۆژگاری و هۆشداریی بوون.
شێر گوتی، شاعیران دەبێت شیعری واقیعی بنووسن و دوور بكەونەوە لە خەیاڵ، چونكە خەیاڵ سەر بۆ حەرام دەكێشێت.
گوتیشی، شیعری واقیعیش بەو مانایە نییە شاعیرەكان لە ناو هۆنراوەكانیاندا، باس لە هەموو جۆرە بابەتێك بكەن.
پێشتریش وەزارەتەكەی شێر ئەحمەد حەقانی هەندێك رێنوێنیی بۆ شاعیران بڵاو كردبووەوە و ئاماژەی بەوە كردووە، دەبێت شاعیرەكان بەشێك بن لە حكوومەتی تاڵیبان، هۆنراوە لەبارەی چەكدارانی بزووتنەوەكە و ئۆپراسیۆن و موجاهیدان بنووسن.
هاوكات ئاماژەشی بەوە دابوو، پێویستە شاعیرەكان دەستكەوتەكانی حكوومەت بكەنە شیعر و شیعریش لەبارەی شەهیدە گیانبەخشەكان بنووسن.
حەقانی دووپاتی لەوەش كردەوە، دەبێت شاعیرەكان و هونەرمەندان پابەندی ئەو بەهایانە بن كە تاڵیبان بڕوای پێیانە.
فێستیڤاڵی "گوڵی ئەرخەوان" چالاكییەكی رۆشنبیری ساڵانەیە، 12 ساڵە لە وەرزی گەشەكردنی گوڵە ئەرخەوانەكان، لە ناوچەی ئەرخەندەی ویلایەتی پەروان ئەنجام دەدرێت.
وەزارەتی رۆشنبیری تەنیا وێنەی پۆستەری كۆڕەكەی بڵاو كردووەتەوە و هیچ ئاماژەیەكی بە ئامادەبووان و شاعیرانی ناو كۆڕەكە نەكردووە.