جۆن تراڤۆڵتا.. لە نواندنەوە بۆ دەرهێنان

:: AM:11:26:04/04/2026 ‌
جۆن تراڤۆڵتا كە یەك لە ئەستێرە زۆر ناودارەكانی دنیای هۆڵیوودە و لە دەیان فیلمی سینەماییدا وەك رۆڵی سەرەكی بەشدار بووە، ئێستە بە فیلمێكی نوێ لە نواندنەوە باز بداتە بواری دەرهێنان، بۆیە لە داهاتوویەكی نزیكدا تراڤۆڵتا لە فێستیڤاڵی "كان" خۆی لەو بوارەیشدا تاقی دەكاتەوە.

پێگەی "ئیلاف" كە هەواڵەكەی لە میدیاكانی تایبەت بە هۆڵیوود لە ئەمەریكا و پێگەی "یۆرۆ نیوز" وەرگرتووە، ئاماژەی داوە كە جۆن تراڤۆڵتا /72 ساڵ/ بۆ فێستیڤاڵی "كان"، بۆ یەكەمین جار فیلمێك پێشانی هەوادارانی دەدات كە لە دەرهێنانی خۆیەتی بەناوی Propeller One-Way Night Coach، بڕیارە ئەو فیلمە لە مانگی مایۆی داهاتوو لە فێستیڤاڵە جیهانییەكە پێشان بدرێت. هاوكات ئاماژە بەوەیش دراوە كە لەو فیلمەكەدا كچەكەی تراڤۆڵتا وەك ئەكتەر رۆڵ دەبینێت.

پێگەی "یۆرۆ نیوز" لە راپۆرتێكدا لەبارەی فیلمەكەی تراڤۆڵتا دووپاتی كردووەتەوە، دەرهێنان لەلای ئەو هونەرمەندە تەنیا تاقیكردنەوە نییە بە تەنیا، بەڵكو وەرگرتنی سیناریۆكەی لە كتێبێكی خۆی وەرگرتووە كە لە ساڵی 1997دا چاپ و بڵاو كردووەتەوە، لەو كتێبەدا باس لە یادەوەریی منداڵیی خۆی دەكات كە بۆ یەكەمین جار گەشتی بە فڕۆكە كردووە.

باس لەوەیش دەكرێ كە رووداوەكانی ئەو فیلمە نوێیەی تراڤۆڵتا، هەڵگرتنی بواری "نۆستالیجا"یە و تێیدا منداڵێك بەناوی "جیف" و دایكی، بە فڕۆكە گەشت بەرەو هۆڵیوود دەدەن، ئەو گەشتە دەبێتە سیحرێك كە تەواوی ژیانی ئەو منداڵە دەگۆڕێت و دەیكاتە ئەستێرە.
لەو فیلمەی تراڤۆڵتادا، كچەكەی وەك ئەكتەر بەشداری دەكات كە ناوی "ئیلا بلۆ تراڤۆڵتا"یە و لەوێدا رۆڵی كارمەندی ناو فڕۆكە دەبینێت، هاوكات ژمارەیەك لە ئەكتەرانی هۆڵیوودیش بەهەمانشێوە وەك سەرنشینی فڕۆكەكە رۆڵ دەبینن.

جۆن جۆزیف تراڤۆڵتا كە لە ساڵی 1954 لە ئەمەریكا لە دایك بووە، ئەكتەر و گۆرانیبێژ و سەماكار و هاوكات فڕۆكەوانە، ئێستەیش بەو فیلمە نوێیەی چووەتە بواری دەرهێنانیش، خاوەنی دەیان فیلمە كە خۆیان لە 50 فیلمی سینەمایی دەدەن. جیالەوەی چەندان خەڵاتی گەورەی جیهانیشی پێ بەخشراوە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د