كتێبی "ڕاپەڕین و كۆڕەو" بریتییە لە 700 فۆتۆی 14 فۆتۆگرافەری جیهانی كە شكۆی هێزی پێشمەرگە و سەركردە كوردەكانیان لە كاتی ڕاپەڕین پێشان داوە، هاوكات مەینەتی و ئازاری كۆڕەویان خستووەتە بەرچاو.
كتێبەكە لەلایەن شۆڕش غەفووری و جەمال نەجاری ئامادە كراوە، بە پشتیوانیی د. محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئۆفیسی دەستپێشخەری و پێوەندییەكان، بە سپۆنسەری كۆمپانیای كاڤین گرووپ چاپ و بڵاو كرایەوە.
جەمال نەجاری بۆ "وشە" گوتی، ئێمە لەم كتێبەدا، زیاتر لە 700 فۆتۆی 14 فۆتۆگرافەری جیهانیمان كۆ كردووەتەوە كە لەلایەكەوە شادی و شكۆی هێزی پێشمەرگە و سەركردە كوردەكانیان لە كاتی ڕاپەڕین پێشان دەدات، لەلایەكی تریشەوە خەم و ترس و تۆقین و شیوەن و ئازاریان تۆمار كردووە كە بەسەر ملیۆنان ژن و پیاو و پیر و منداڵی كورد هات لە دوای ڕاپەڕین.
فۆتۆگرافەرەكان چوونەتە ئەو كەمپە كاتییانەی كە بۆ كوردە پەنابەر و بێلانەكان دروست كرابوون، هەریەكەیان لە وڵاتێكەوە هاتبوون تا ڕووداو و كارەساتێك تۆمار بكەن كە ئێستە ئێمەی كورد شانازیی پێوە دەكەین، چونكە كۆچی بەكۆمەڵی كورد پێشاندەری یەكهەڵوێستی و كۆدەنگی گەلێك بوو دژ بە داگیركردن و چەوساندنەوە، لەلایەكی تریشەوە هەوڵدان بوو بۆ دووبارەنەبوونەوەی كیمیاباران و ئەنفال و زیندان و كۆمەڵكوژ كە هێشتا شوێنەوارەكانی بەسەر جەستەی كوردەوە مابوونەوە.