وەزیری فەرهەنگی ئێران ڕای گەیاند، لە ماوەی 40 ڕۆژی شەڕدا، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل، زیانی گەورە بە ناسنامە و مێژووی وڵاتەكە كەوتووە.
ڕەزا ساڵح ئەمیری وەزیری میراتی فەرهەنگی ئێران ڕای گەیاند، ئەم هێرشانە تەنیا سەربازی نەبوون، بەڵكو بە ئامانجی لەناوبردنی ڕەگوڕیشەی مێژوویی ئێران ئەنجام دراون.
گوتی، دوژمنان بە ئەنقەست و ئاگادارانە شارستانێتیی ئێرانیان كردووەتە ئامانج بۆ ئەوەی گورز لە ناسنامەی نەتەوەیی و مێژووییمان بوەشێنن.
ئەوەشی گوت، تا ئێستە 131 شوێنەواری گرنگی ئێران زیانیان پێگەیشتووە.
باسی لەوەش كرد، ئێستە خەریكی دۆكیۆمێنتكردنین و بە هاوكاریی زیاتر لە 300 توێژەر، هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی زیانەكان دەكەین بۆ ئەوەی پرۆسەی نۆژەنكردنەوە ڕاستەوخۆ دوای جەنگ دەست پێ بكات.
هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سەرەڕای لەناوبردنی بنكە و پیگە سەربازییەكان، زیانێكی زۆر بەر شوێنەوارە مێژووییەكانی ئەو وڵاتە گەیاندووە.