بەهرە حەمەڕەش كتێبی "رۆڵ و پێگەی ئافرەتی كورد لە مێژوودا" بڵاو دەكاتەوە

:: PM:01:59:20/04/2026 ‌
بەهرە حەمەڕەش كتێبێكی بەناوی "رۆڵ و پێگەی ئافرەتی كورد لەمێژوودا" بڵاو كردەوە و رای گەیاند، وێڕای هەموو تێبینییەكان، بەڵام دۆخی ئافرەت لە كوردستان بەبەراورد بە وڵاتانی ناوچەكە گەلێك باشترە.

كتێبی "رۆڵ و پێگەی ئافرەتانی كورد لە مێژوودا" نووسینی بەهرە حەمەڕەش، یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان چاپ و بڵاوی دەكاتەوە  و بڕیارە 22ی مانگ رۆژی چوارشەم لەبارەگای یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بڵاو بكرێتەوە،

لەبارەی كتێبەكەوە بەهرە بۆ "وشە" گوتی، كتێبەكە 200 لاپەڕەیە و نووسینێكی زانستییە لەسەر رۆڵی ئافرەتان كورد بەتایبەت ئەو ژنانەی لە قۆناغێكی سەختدا چالاك بوون، باس لە رۆڵی ئەو خانمانەش كراوە كە پێشمەرگە بوون و لە شۆڕشەكانی كورد رۆڵیان بینیوە.

بەهرە لە درێژەی قسەكانیدا گوتی، كتێبەكە زیاتر لە 100 سەرچاوەی لە خۆی گرتووە، باسی مێژووی رێكخراوەكانی  ژنانیش كراوە كە لە مێژووەوە تا ئێستە رۆڵیان هەبووە.

هاوكات لە كتێبەكەدا باسی ئەو نەریتانەش كراوە كە لە ئەنجامی داگیركاری تێكەڵی كولتووری كورد بوون، وەك ژنكوشتن و فرەژنی، ئەوانە كولتووری كورد نەبوون و بەهۆی ئەوەی كورد دەوڵەتی نەبووە و بەسەریدا سەپێنراوە.

هاوكات ئەوەی گوت، گرنگیدانی حكوومەتی هەرێم بەدۆخی ئافرەت بەرز نرخێنراوە،  ئەگەرچی تێبینی و رەخنە هەیە، بەڵام لە وڵاتانی ناوچەكە باشتر گرنگی بەدۆخی ئافرەتانی كوردستان دراوە، لەم بوارەشدا دەستكەوتیش بەدەست هاتووە و دۆخی خانمانی كوردستان بەبەراورد بە وڵاتانی ناوچەكە گەلێك باشترە.



وشە - سۆران عەزیز