ئەمڕۆ یەكشەم 26ـی نیسانی 2026، تەرمی د. رەفیق سابیر لە قەڵادزێ بە خاك دەسپێردرێت. مردنی ئەو شاعیرە وەك دەركەوت، خوێنەر و ئەدەبدۆستانی غەمبار كرد، لەلایەكی تریشەوە وەك رێزێك بۆ شیعری "بە تەنیا جێم مەهێڵن"، هەڵەبجەیەكان ئامادەی ڕێوڕەسمەكە دەبن.
بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەم تەرمی شاعیری دیاری كورد د. رەفیق سابیر لە قەڵادزێ بە خاك بسپێرن، سابیر دوای ململانێیەكی سەخت لەگەڵ نەخۆشی، لە 28ـی شوباتی 2026، لە سوید كۆچی دوایی كرد، دواجار دوێنێ شەموو، لەسەر وەسیەتی خۆی، تەرمەكەی گەڕێنرایەوە هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ هەڵەبجەییەكان بۆ بەشداریی لە ڕێوڕەسمەكەدا لە قەڵادزێ، بەشدار دەبن و یادی ئەو شاعیرە بەرز رادەگرن كە بە تەنیا جێی نەهێشتن.
شاری هەڵەبجە بە شاندێكی باڵا وەفاداریی بۆ ئەو قەڵەمە دەردەبڕن و لە نزیكەوە هاوخەمی كۆچەكەی دەبن.
پێوەندیی رۆحیی نێوان رەفیق سابیر و هەڵەبجە لە قەسیدە بە ناوبانگەكەی "بە تەنیا جێی مەهێڵن"ەوە دەستی پێ كرد، دواتر شیعرەكە بوو بە گۆرانی و یادەوەری گشتیی و هەموو ساڵێك خەڵك گوێی لێ دەگرنەوە و یادی ئەو كارەستە دەكەنەوە كە حكوومەتی عێراق لە 16ی ئاداری 1988 بەسەر هەڵەبجەی هێنا و بە كیمیایی پێنج هەزار كەسی شەهید كرد.
رەفیق سابیر، یەكێك لە ئەستێرە درەوشاوەكانی شیعری هاوچەرخی كوردی، لە ساڵی 1950 لە شاری قەڵادزێ لەدایكبووە، لە ساڵی1970- 1974 لە زانكۆی بەغدا، كۆلێجی ئەدەبیات، بەشی زمان و ئەدەبی كوردی، خوێندوویەتی. لە هاوینی ساڵی 1972 تا ئەیلوولی 1978 وەك رۆژنامەنووس، لە رۆژنامەی بیری نوێ، لە بەغدا، كاری كردووە. لە ساڵی 1976 یەكەمین كۆمەڵەهۆنراوەی بەناوی (پشكۆكان دەگەشینەوە) لە بەغدا بڵاو بۆتەوە. لە سەرەتای ساڵی 1981 لە شاخ لەگەڵ كۆمەڵێك نووسەر یەكێتی نووسەرانی كوردستانیان دادەمەزراندووە، هەروا گۆڤاری (نووسەری كوردستان) یان دەركردووە.
- لە هاوینی ساڵی 1982 دوای سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆی نێوان لایەنە كوردییەكان، كوردستانی بەجێ هێشتووە و چۆتەوە بۆ بولگارستان. لەوێ لە ئەكادێمیای زانستە كۆمەڵایەتییەكان، بەشی فەلسەفە، درێژەی بە خوێندن داوە. لە هاوینی ساڵی 1987 بڕوانامەی دكتۆرای لە فەلسەفە وەرگرتووە. دكتۆرنامەكەی بە ناوی (رۆڵی كولتوور لە پێكهێنانی هۆشیاریی نەتەوەیی كورد) نووسیوە. لە ناوەڕاستی ساڵی 1989 وەك پەنابەر لە وڵاتی سوێد نیشتەجێ بووە. لە بەهاری ساڵی 1991تا سەرەتای ساڵی 2001 بەشداریكردووە لە دەركردنی گۆڤاری ڕابوون لە سوید. لە ساڵی 2006 لە سلێمانی سەرۆكی مەڵبەندی كوردۆلۆجی بووە. لە ساڵی 2001 خەڵاتی ئەدەبیی (كلاس دی ڤیلدێ)ی سوێدی پێ بەخشرا.ئەو خەڵاتە ئەدەبییە دوو ساڵ جارێك بە نووسەرێكی بیانی دەدرێت، كە بەرهەمەكانی بە سوێدی بڵاو كرابنەوە.
رەفیق سابیر چەندان كتێبی نووسیوە لەبواری شیعر و لێكۆڵینەوە و فكر و زمان كاری گەورەی كردووە.