یەكەمین كارگەی شیعری كوردی لە ژێر ناوی "خەونێك دەبێتە حەقیقەت و وشە دەبێتە هەوێنی ژیانەوە"، لە سلێمانی بەڕێوەچوو.
نەشمیل عەلی بەرزنجی لەبارەی كارەكەوە رای گەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژێكی ئاسایی نەبوو، بەڵكو وەرچەرخانێكی گرنگ و ڕۆژێكی مێژوویی بوو لە ژیانی ئەدەبیی من و شاری سلێمانیدا. دڵخۆشییەكەم بێسنوورە كە بینیم خەونی چەندان ساڵەی «كارگەی شیعر» بەو هەموو شكۆ و جوانییەوە لە دایك بوو.
هاوكات سۆران نەقشبەندی كە سەرپەرشتی كارەكە دەكات رای گەیاند، "ئەم چالاكییە بە مەبەستی دروستكردنی فەزایەكی ئەدەبییە بۆ فێربوون، ڕاهێنان و هاوبەشكردنی ئەزموونی شاعیران و قوتابیان رێكخراوە، هەروەها ئەم كارگەیە كە لەلایەن ژمارەیەك لە رێكخراوە ئەدەبییەكان و هونەرمەندان بەڕێوە دەچێت، كۆمەڵێك چالاكیی گەورەی لەخۆ گرتبوو وەك گوتار، گفتوگۆ، خوێندنەوەی دەق، رەخنەی ڕوون و پرۆفیشناڵ لەسەر بەرهەمە شیعرییەكان. بەشداربووان كە زۆربەیان گەنجن و دەرفەتی ئەوەیان هەیە لەگەڵ شاعیران و مامۆستایانی پسپۆڕ راستەوخۆ پێوەندی بكەن و لە ئەزموونیان سوود وەربگرن."
سۆران نەقشبەندی باس لە گرنگی ئەو چالاكییە ئەدەبییە دەكات و دەڵێت، "بەشێكی گرنگی كارگەكە تەرخان كرابوو بۆ خوێندنەوەی بەرهەمەكانی بەشداربووان، كە لە دوای ئەوە رەخنە و راوێژێكی ئەكادیمی و هونەری لەسەر كرا. ئەم پرۆسەیە یارمەتیدەری بەشداربووانە تا بتوانن خاڵە لاوازەكانیان بناسن و هەنگاو بۆ پێشەوە بنێن."