شارەوانیی ئامەد بەرنامەیەكی فراوانی بۆ جەژنی زمانی كوردی ڕاگەیاند

:: AM:11:12:07/05/2026 ‌
گەورە شارەوانیی ئامەد لە باكوری كوردستان، بەرنامەیەكی بەرفراوانی بۆ جەژنی زمانی كوردی ڕاگەیاند.

لە چوارچێوەی بەرنامەكەدا چەندان چالاكیی بەڕێوە دەچن و ئەو چالاكییانە لە ڕۆژانی 10 و 15 و 17ی ئایاردا ئەنجام دەدرێن.

بەشی ڕۆشنبیری و كاروباری كۆمەڵایەتی شارەوانیی ئامەد، ئامادەكارییەكانی بۆ جەژنی زمانی كوردی تەواو كردووە.

لەم چوارچێوەیەدا چالاكییە جۆراوجۆرەكانی وەك ڕاكردن و شانۆ و كات بەسەربردنی منداڵان بەڕێوە دەچێت.

یەكەم چالاكیی بەرنامەكە لە 10ی ئایار بەڕێوە دەچێت، ئەم ڕۆژە هاوكات ڕۆژی دایكیشە. بەم بۆنەیەوە پێشبڕكێیەك بە ناوی "ئێمە بۆ زمانی دایكی ڕادەكەین" ڕێكدەخرێت.

پێشبڕكێی زمان سەعات 11 دەست پێ دەكات و لە نێوان سۆمەرپارك و گۆڕەپانی دەریە بەڕێوە دەچێت.

ئامانج لەم چالاكییە ئەوەیە كە سەرنجی بەشداران بۆ سەر گرنگیی زمانی كوردی ڕابكێشرێت.

هەروەها لە 15ی ئایاردا لە جەژنی زمانی كوردی، چالاكییەكی شانۆیی بەڕێوە دەچێت. شانۆگەرییەك بە ناوی "مۆراشین" 20:00 نمایش دەكرێت.

ئەم شانۆگەرییە لە ناوەندی ڕۆشنبیری و كۆنگرەی چاندی ئامەد نمایش دەكرێت.

شارەوانیی گەورەی ئامەد لە بەرنامەكەدا منداڵ و گەنجی لە بیر نەكردووە. ئاهەنگی منداڵان و لاوان لە 17ی ئایار لە سۆمەرپارك بەڕێوە دەچێت.

لەم چالاكییەدا وۆركشۆپ و موزیك و ڕیتم و دراما و یاریی جۆراوجۆر پێشكەش دەكرێن.



وشە - سۆران عەزیز