ئێدگار مۆرین فەیلەسووف و كۆمەڵناسی ناوداری فڕەنسی و جیهانی، دۆستی گەلی كورد بوو، لە تەمەنی 104 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
ناوەندە ئەكادیمی و ڕۆشنبیرییەكان لەبارەی كۆچی دوایی ئەم فەیلەسووفەوە ڕایان گەیاند، ئێدگار مۆرین بەردەوام بەرگری لە مافەكانی گەلی كورد دەكرد و لە كۆتا هەڵوێستەكانیدا پشتیوانیی خۆی بۆ پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە توركیا ڕای گەیاندبوو.
مۆرین لەوبارەیەوە گوتبووی: "بیرۆكەی من ڕوونە و سەرسامم بە تێكۆشانی گەلی كورد، پێویستە ئەم پرۆسەیەش سەركەوتوو بێت".
ئەم فەیلەسووفە كۆچكردووە پێشتر لە پەیامێكدا كە بۆ پارتی یەكسانی و دیموكراتیی گەلان (دەم پارتی) و شاندی ئیمراڵی ناردبوو، دووپاتی لەوە كردبووەوە، پرۆسەی ئاشتی و بە دیموكراتیكردن لە توركیا پێویستییەكی مرۆڤایەتییە.
ئێدگار مۆرین لە كۆتایی پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەش كردبوو، ئەو لایەنگری یەكێتیی گەلانی كورد و توركە و بە تەواوی دەیەوێت مافە نەتەوەیی و دیموكراتییەكانیان پارێزراو بێت.