دەسەڵاتدارانی سووریا بڕیار دژی سەمای رۆژهەڵاتی و هونەر دەدەن

:: AM:11:54:06/06/2026 ‌
لە زۆرینەی شارەكانی سووریا بڕیار دژ بە هونەر و ئازادییە كەسییەكان بەشێنەی جێبەجێ دەكرێت، لە حەماش خولێكی فێربوونی سەمای رۆژهەڵاتی لە هۆڵە وەرزشییەكان، سەنتەرەكانی لەشجوانی و ناوەندە تایبەتەكاندا قەدەغە كرا.

حكوومەتی كاتیی سووریا بڕیارەكانی دژی ئازادی و مافی مرۆڤ و پێشكەوتنە كۆمەڵایەتییەكانی بەشێنەیی جێبەجێ دەكات، بەجۆرێك هەوڵ دەدات ئەو وێنەیەی لە دەرەوە دەیەوێت دروستی بكات نەشێوێت، بۆیە كەمتر ئەو كارانەی دەیانكات دەخرێنە ناو راگەیاندنەكانەوە.

رۆژنامەنووسانی سووریا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گشتاندنێكی فەرمییان كە واژووی بەڕێوەبەری وەرزش و لاوانی حەمای لەسەرە بڵاو كردەوە، تێیدا بڕیار دراوە بە قەدەغەكردنی هەر جۆرە خولێكی فێربوونی سەمای رۆژهەڵاتی لە هۆڵە وەرزشییەكان، سەنتەرەكانی لەشجوانی و ناوەندە تایبەتەكاندا.

پێشتریش لە شارەكانی تر بڕیاری لەو شێوەیە دراوە و رێگریی لە سەما و كۆنسێرتەكانی شەوانە كراوە، ئەمەش وایكردووە خەڵك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵێن، ئازادیی تاك لە سەردەمی بەشاردا زیاتر بوو.

حكوومەتی كاتیی سووریا دژی یانەی شەوان و تیپە هونەرییەكان بەتایبەت ئەوانە سەمای  لەگەڵدا دەكرێت، هەمیشە بەبیانووی دژی نەریت سانسۆریان دەكات، بەڵام لە مێژووی سووریا سەمای رۆژهەڵاتی بۆ سەردەمی معاویە دەگرێتەوە و كەسیش دژی نەبووە.

لە گشتاندنەكەدا هاتووە، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دراوە كە تێبینی كراوە چەندان ناوەند بانگەشە بۆ خولی سەمای رۆژهەڵاتی دەكەن. بەڕێوەبەرایەتییەكە دەڵێت، ئەم چالاكییانە "بە پێچەوانەی یاسا و سیستم و نەریتە كۆمەڵایەتییەكانە."




وشە - سۆران عەزیز