ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی حوزەیرانی 2026، محەمەد ساڵح قادری نووسەر و سیاسەتوان، بەڵگەنامەیەکی مێژوویی و وێنەی ئەو قورئانەی بڵاو کردەوە کە پێشەوا قازی محەمەد سوێندی پێ خواردووە بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژ.ک).
لەو نووسینەدا کە بە دەستخەت لەسەر لاپەڕەیەکی کۆن نووسراوە، هاتووە، بۆ بیرەوەریی ئەو شەوەی کە پێشەوا قازی محەمەد لە ماڵی ئێمەدا بەم قورئانە سوێندی خوارد و هاتە ناو ڕیزی حیزبی دێموکرات (کۆمەڵەی ژ.ک) کە هەتا لە ژیاندا ماوە، خزمەت بە نەتەوەی کورد بکات و وەفادار بێت. نووسینەکە لەلایەن محەمەد دڵشاد ڕەسووڵی، یەکێک لە دامەزرێنەران و ئەندامانی چالاکی کۆمەڵەکە لە مەهاباد واژوو کراوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نیسانی ساڵی 1945 و چەند مانگێک دواتر حیزبی دیموکراتی کوردستانی لەسەر دامەزرا.
بڵاوبوونەوەی ئەم بەڵگەنامە مێژووییە لەم کاتەدا، دیمەنێکی پڕ لە بەراوردکاری و تێڕامان لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا دروست دەکات. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە لەو سەردەمە تاریک و داخراو و پڕ لە بێهیواییەدا، کەسایەتییە گەورەکانی نەتەوە لە ژێر هەڕەشەی لەسێدارەدان و لەناوچووندا، پەنایان بۆ قورئان بردووە و سوێندی وەفادارییان بۆ کورد و کوردستان خواردووە و گیانی خۆیان لەو پێناوەدا فیدا کردووە.
کەچی لە بەرانبەر ئەم مێژووە پڕ لە سەروەرییەدا، ئێستە و لەم سەردەمی ئازادی و کرانەوەیەدا، کەسانێک لە ناو کورددا هەن کە بەتەواوی پێچەوانەی ئەو بنەمایانە دەجووڵێنەوە و دژی نەتەوەکەی خۆیان ڕەفتار دەکەن، تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی وەک دوژمن لێدوان دەدەن و پیلان دژی تاکە ئەزموونی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەگێڕن، کە بەرهەمی خوێن و سوێندی ئەو سەرکردە مێژووییانەیە.