كازم ساهیر: هونەرمەند كاتێك ناودار دەبێت ژیانی سروشتی لە دەست دەدات

:: PM:03:24:10/06/2026 ‌
"ئەی بی توكس" دیمانەیەكی لەگەڵ كازم ساهیر هونەرمەندی ناوداری عێراقی و دنیای عەرەبی ساز كردووە، لەو دیمانەیەدا ئەو ئەستێرەیە لەبارەی ژیانی هونەرمەندانی ناودار دەڵێت، هونەرمەند كاتێك ناودار دەبێت ژیانی سروشتی لە دەست دەدات.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ چوارشەم 10ی حوزەیران، بەشێكی لەو دیمانەیەی بڵاو كردووەتەوە، لە دیمانەكەدا ساهیر باس لە یەكەمین دیداری لەگەڵ فەیرووز ئەستێرەی گۆرانیی لبنانی عەرەبی دەكات و دەڵێت، ساڵانێك بەر لە ئێستە بۆ یەكەمین جار لە لبنان چاوم بە فەیرووز كەوت كە زۆر عەشقی گۆرانییەكانی ئەوم، زۆر خەمبار بووم بەو ژیانەی ئەوی تێدا دەژی، بەهۆی ناودارییەكەیەوە ئاستەنگی زۆری بۆ دروست بووە، بۆیە دەڵێم هونەرمەند كاتێك ناودار دەبێت ژیانی سروشتی لە دەست دەدات.

هاوكات ساهیر لەبارەی هاوسەری كۆچكردووی كە دایكی منداڵەكانیەتی دەڵێت، كاتێك دێتەوە بیرم هەست بە دڵتەنگی دەكەم كە خۆم هۆكاری شكستهێنانی هاوسەرگیرییەكەمان بووم، بۆ ئەوەیش تا ئێستە و بۆ هەمیشە هەست بە كەموكوڕی بەرانبەری دەكەم.

لەبارەی وڵاتەكەی خۆی عێراقیش ئەو هونەرمەندە دەڵێت، پێوەستبوونی زۆرم بۆ عێراق هەیە و شوێنەواری وڵات لە تەواوی گۆرانییەكانم دیارە.

كازم ساهیر كە لە بواری گۆرانی و میلۆدیدا لە دنیای عەرەبی بە "قەیسەر" ناو دەبرێت، یەك لە ئەستێرە زۆر ناودارەكانی دنیای عەرەبییە، لە ساڵی 1957 لە شاری مووسڵ لە دایك بووە، لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردووەوە هاتە ناوەندی هونەرییەوە، جیا لە گۆرانیگوتن، توانایەكی زۆر گەورەی لە دانانی میلۆدی هەیە و جیا لە میلۆدییەكان بۆ گۆرانییەكانی، هاوكات میلۆدیی بۆ چەندان گۆرانیبێژی ناوداری عەرەب داناوە.

 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د