لە هەولێر رێز لە ئاوازدانەری سروودی ئەی رەقیب شەهید "شێخ حوسێن بەرزنجی" گیرا

:: AM:09:39:25/06/2026 ‌
لە یادی شەهیدبوونی شێخ حوسێن بەرزنجی، دۆكیۆمێنتاریی (ئەی ڕەقیب، سروودی بەرخودان و ژیان)ـی لە شاری هەولێر نمایش كرا، خەڵكێكی زۆر ئامادەی بوون.

ئێوارەی دوێنێ چوارشەم لە هەولێر، لە یادی ساڵوەگەڕی شەهیدبوونیدا رێز لە شێخ حوسێن گیرا كە لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورددا كەسێكی گرنگ و دیارە، هاوكات هونەرمەندێكی دەنگخۆش و ئاوازدانەرێكی بەسەلیقەش بوو.

ڕێوڕەسمەكە بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، ئومێد خۆشناو، ماڵباتی شەهید و ژمارەیەكی بەرچاو لە ڕۆشنبیران، نووسەران، هونەرمەندان و كەسایەتییە دیارەكان بەڕێوەچوو.

لەبارەی كارەكەوە د. سالار عوسمان گوتی، گرنگیی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە كارە دۆكیۆمێنتارییانە بۆ دۆكیۆمێنتكردنی مێژوو و پاراستنی بیرەوەریی نیشتمانی بۆ نەوەكانی داهاتوو. هەروەها بە وردی تیشكی خستەسەر گرنگی و پێویستیی بە دۆكیۆمێنتكردنی هێماە نیشتمانی و كولتوورییەكانی كوردستان.

ئاماژەی بەوە دا كە پاراستنی ئەم هێما و سەروەرییانە لە ڕێگەی كاری هونەری و بەڵگەفیلمەوە، ئەركێكی نیشتمانی و مێژووییە بۆ هێشتنەوەی ناسنامە و خەباتی پڕ لە قوربانیدانی گەلەكەمان، بە مەبەستی ئاشناكردن و گواستنەوەیان بۆ نەوەكانی داهاتوو.

لەبارەی كارەكەوە د. نیاز لەتیف دەرهێنەری بەڵگە فیلمی (ئەی ڕەقیب، سروودی بەرخودان و ژیان) بۆ "وشە" گوتی، ئەو ڕێوڕەسمە و ڕێزگرتن لە مێژووی پڕ شكۆی  شێخ حوسێن بەرزنجییە كە زۆری بۆ كوردستان كردووە.

شێخ حوسێن هەم بەرپرسی شارەوانیی ئەوكاتی كەركووك بووە و هەمیش كەسێكی شۆڕشگێر بووە، بەردەوامیش گۆرانیی گوتووە و ئاوازیشی بۆ شیعرە بەناو بانگەكەی دڵداری شاعیر "ئەی رەقیب" داناوە، كە ئێستە بووەتە سروودی نیشتمانی لە كوردستانی گەورەدا.



وشە - سۆران عەزیز