لە قوتابخانەیەك مامۆستا نەما و زیرەكی دەستكرد شوێنی گرتەوە

:: PM:01:46:07/07/2026 ‌
لە ویلایەتی تێكساسی ئەمەریكا، قوتابخانەیەكی تایبەت بە ناوی"Alpha School"  شێوازێكی نوێی خوێندنی پێڕەو كردووە، تێیدا زیرەكیی دەستكرد جێگەی مامۆستایانی گرتووەتەوە.

لەو  قوتابخانەیەدا مامۆستا نەماوە و تەنیا چاودێریكەر و رێنیشاندەر هەن،  وانەكانیش بە رێگەی زیرەكی دەستكرد دەگوترێنەوە.

سیستمی خوێندن لەو قوتابخانەیەدا بە شێوازێكی ناوازە ڕێكخراوە، قوتابیان ڕۆژانە نزیكەی دوو سەعات لەسەر لاپتۆپەكانیان لەگەڵ زیرەكیی دەستكرد كار دەكەن، كە بەرنامەكە بەپێی خێرایی و توانای هەر قوتابییەك بە جیا دەگونجێنێت.

 كاتەكانی تری بۆ چالاكییە پراكتیكی و شارەزاییەكانی ژیان تەرخان كراون، وەك فێربوونی گوتارخوێندنەوەی گشتی و كۆكردنەوەی كەلوپەل، كە دامەزرێنەرانی پڕۆژەكە بە بەسوودترینی دەزانن بۆ داهاتووی قوتابیان.

دامەزرێنەرانی "Alpha School" دووپات لەوە دەكەنەوە كە ئەم مۆدێلە، یارمەتیی منداڵان دەدات مادە زانستییەكان بە خێراییەكی دوو هێندە زیاتر لە قوتابخانە ئاساییەكان فێر ببن. یەكێك لە دیارترین پشتیوانانی ئەم پڕۆژەیە، ملیاردێر "جۆ لیماندت"ـە كە بڕی یەك ملیار دۆلاری بۆ پەرەپێدانی كاڵای تایبەت بە قوتابخانەكە تەرخان كردووە و منداڵەكانی خۆیشی لەوێ دەخوێنن.

سەرەڕای سەركەوتنی پرۆسەی خوێندن لەو قوتابخانەیە، بەڵام بەهۆی تێچووی زۆری، تا ئێستە تەنیا منداڵانی دەوڵەمەند توانیویانە ببنە قوتابی لە قوتابخانەكە، چاوەڕێ دەكرێت لە داهاتوودا بۆ هەموو منداڵانی تر دەستەبەر بكرێت.



وشە - سۆران عەزیز