ئاراس سەعید كتێبی "مەرگی بەها سیمبولییەكان"ی بڵاو كردەوە

:: PM:01:33:16/07/2026 ‌
ئاراس سەعید كتێبێكی لە ژێر ناوی "مەرگی بەها سیمبولییەكان" بڵاو كردەوە، كتێبەكە رێبوار سیوەیلی پێشەكیی بۆ نووسیوە.

 ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی تەمووز،  ئاراس سەعید بە "وشە"ی راگەیاند، ئەم بەرهەمە هزرییە كە نووسەر و توێژەری دیاری كورد (ڕێبوار سیوەیلی) پێشەكیی بۆ نووسیوە، پێكهاتووە لە چەند تێكست و گوتاری هزری لەبارەی لێكەوتەكانی تەكنەلۆجیا لەسەر مرۆڤ و یادەوەری و فەرهەنگ و كولتوورەكەی.

گوتی، پەرتووكەكە ناو ئاخنە لە كۆمەڵێك ناونیشان، (مەرگی كاغەز، مەرگی دەق، مەرگی نووسەر، مەرگی ڕەخنە و ڕەخنەگر، مەرگی تەلەڤزیۆن، مەرگی پیشەمەندی، مەرگی هاوڕێیەتی، مەرگی.. هتد)  هەموویان نیشانەكانی یەك پەتای گەورەن، نووسەر ناوی ناوە: پەتای پووچگەرایی دیجیتاڵی.

ڕێبوار سیوەیلی لە پێشەكی ئەم پەرتووكەدا دەڵێت: "من لە خوێندنەوەی ئەم كتێبەدا زیاتر لە هەر شتێك هەستم بەوە كرد كە نووسەر نیگەرانییەكی قووڵی لەسەر قەیرانی مانا هەیە. زۆرجار لە سەردەمی ئێمەدا باس لە زۆربوونی زانیاری دەكرێت، بەڵام كەمتر پرسیار دەكرێت كە ئەم هەموو زانیارییە چ مانایەكی بۆ ژیانی ئێمە دروست كردووە. ڕاستە زانیاری لە هەر كاتێكی تر زۆرترە، بەڵام منیش وەك زۆر كەس هەندێك جار هەست بەوە دەكەم كە لەگەڵ ئەو هەموو دەنگ و وێنە و هەواڵەدا، مرۆڤ زیاتر پێویستی بە تێڕامان و بێدەنگی هەیە."

دەشڵێت: بۆیەش كتێبەكە سەرنجی منی ڕاكێشا، چونكە لە بنەڕەتدا باس لە مەرگی شتێك ناكات، بەڵكو باس لە ترسێك دەكات، ترسی ئەوەی كە مرۆڤ بتوانێت زانیاریی زۆرتر كۆ بكاتەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا بە هێواشی پێوەندیی خۆی بە مانا، یادەوەری و تێڕامانەوە لە دەست بدات. ئەم ترسە ڕەنگە بۆ هەموو خوێنەرێك یەكسان نەبێت، بەڵام پێم وایە پرسیارێكی گرنگە و شایانی ئەوەیە بیری لێ بكەنەوە.

سیوەیلی ئەوەشی گوتووە، لە لاپەڕەكانی ئەم كتێبەدا خوێنەر تەنیا لەگەڵ باسێكی فەرهەنگی ڕووبەڕوو نابێتەوە، بەڵكو لەگەڵ پرسیارێك ڕووبەڕوو دەبێتەوە كە پێوەندیی بە ژیانی خۆیەوە هەیە: لە دنیایەكدا كە هەموو شتێك بە خێرایی دەگۆڕێت، ئەی دەبێت چی بپارێزریت؟ ئەوەش ئەو پرسیارەیە كە منیش كاتێك ئەم كتێبەم دەخوێندەوە، بەردەوام لە خۆم دەكردەوە."

هەروەها ئاراس سەعید لەبارەی پەرتووكەكەوە دەڵێت: ئەم كۆپەڕەی پێكهاتووە لە كۆمەڵێك هزرە وتار كە لە ماوەی ڕابردوودا بەشێكیان بە زمانی یۆنانی لە ڕۆژنامەی (فەریترا)ی یۆنانی بڵاو كراونەتەوە، ڕامانێكە لە تەكنەلۆجیا و لێكەوتەكانی لەسەر شێوازی ژیانی مرۆڤ و یادەوەری و فەرهەنگەكەی. 

دەشڵێت: (مەرگی بەها سیمبولییەكان) نە ڕەشبینییەكی كوێرانەیە، نە شیوەنگێڕانە بۆ ڕابردوو، هێندەی گریمانەیە بۆ ئایندە و ڕامانە لە نامۆبوونی مرۆڤ و پووچیی ئەو شێوازە ژیانەی كە تەكنەلۆجیا خوڵقاندوویەتی.

ئاراس سەعید نووسەر و توێژەری كورد، لە بواری فەلسەفە و كۆمەڵناسی و میدیای تیۆری دەنووسێت، گوتار و توێژینەوەكانی بەزمانی كوردی و چەندان زمانی زیندووی جیهانی بڵاو دەبنەوە. 




وشە - سۆران عەزیز