لەڕووی كاری هونەریی بۆ كۆتایی مۆدنیالی 2026وە باس لەوە دەكرێت، مۆندیالی 2026 بە گەورەترین مۆدنیال لە دنیادا هەژمار دەكرێ لەڕووی نمایشە هونەرییەكان كە لە كاتی پشووی یارییەكەدا نمایش دەكرێن، بۆ ئەوەیش باس لەوە دەكرێ كە داهاتی هونەرمەندەكان و ئاهەنگەكە چیی لێ دەكرێت؟. یاریی كۆتایی مۆندیالیش لە نێوان ئەرجەنتین و ئیسپانیایە و چاوەكانی دنیایش لەسەر ئەو یارییەیە.
پێگەی
"عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم 19ی تەمووز، هەواڵێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەدات، ئەمڕۆ كۆتا یاریی مۆندیالی 2026 لە نێوان تیپەكانی ئەرجەنتین و ئیسپانیا بەڕێوە دەچێت، ئەوەی چاوەڕێ دەكرێ لە پشووی یارییەكەیاندا گەورەترین ئاهەنگی هونەری بەڕێوە دەچێت كە ماوەكەی 17 خولەكە و دوو خولەكیش بۆ خۆئامادەكردنە بۆ دەستپێكردنەوەی یارییەكە. لەو ئاهەنگەدا نمایشی موزیكی دەست پێ دەكات كە هونەرمەندە زۆر ناودارەكانی دنیا بەشداریی تێدا دەكەن.
لەبارەی بەشداریی هونەرمەندەكانیش باس لەوە دەكرێت، شاكیرا و مادۆنا لە سەرووی ئاهەنگەكەدان، هاوكات تیپی "بی تی ئێس" و بێرنا بۆی و جاستن بیبەر و مایسترۆ گۆستاڤۆ دودامیڵ و كۆراڵی "پی ئێس 2" لەگەڵ تیپی "گۆڵدپلای" بەشدار دەبن.
باس لەوە دەكرێ كە تەواوی ئەو هونەرمەندانەی لە ئاهەنگی مۆندیال بەشداری دەكەن، بەشدارییەكانیان بەرانبەر بە پارە نییە و بە خۆبەخشی بەشدار دەبن، واتە تەواوی داهاتی ئاهەنگەكە لەگەڵ یەك دۆلار لە فرۆشتنی یەك تكیتی یارییەكە، بۆ سندووقی "فیفا و گلۆباڵ سیتیزن بۆ فێربوون" دەچێت، ئەویش بەو ئامانجەی بكرێتە بەرژەوەندیی بەرنامەی فێربوونی باشی بۆ منداڵان، بەتایبەتی كاریگەریی دەبێت لەسەر ژیانی هەزاران منداڵ كە ئێستە لە ژیانێكی ئەستەمدا دەژین.