نووسەرێك تاوانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەبیر خوێنەرانی كورد دێنێتەوە و رای دەگەیەنێت، ئەوەی خراپە لەگەڵ كورد كردوویانە، نموونەشی بە نووسەرێكی گەورەی كورد كە لە تەمەنی 70 ساڵیدا لە سێدارەیان دا هێناوەتەوە.
نووسەر عەلی مستەفا كەریم ئەوەی وەبیر هێناوەتەوە كە لە هەموو دنیادا ئەوانەی بەتەمەنن، حورمەتیان دەگیرێت و تەنانەت لە وڵاتە دیكتاتۆرەكانیشدا لە زۆر سزا و ڕێوشوێن دەبوردرێن.
باسی لەو تاوانە كردووە كە لە دنیادا نموونەی كەمە، بەڵام كۆماری ئیسلامیی ئێران دژی كورد كردوویەتی و دەڵێت، "ئەو كۆمارە هیچ رەوشت و پرەنسیپێكی مرۆیی و ئاینی، بەتایبەت بەرانبەر بە كوردان ڕەچاو نەكردووە، ئەو نووسەرە مەزنەی كورد لە تەمەنی 70 ساڵیدا گیرا و پاش 10 مانگ لە ئەشكەنجەدان، لە سێدارەی دەدات. لەوەش دڕەندەتر ئەوەیە كە تەرمەكەی ناداتەوە بە خێزانەكەی و لە شوێنێكی نادیار دەینێژێت.
مەبەستی نووسەر حەسەن قزڵجییە كە یەكێكە لە دیارترین چیرۆكنووسەكانی كورد. قزڵجی لە 15ی ئەیلوولی 1914 لە بۆكان لە دایك بووە، نووسەر، وەرگێڕ، سیاسەتوان و ڕۆژنامەوانێكی كورد بوو.
بەبۆچوونی توێژەران، ھەر چەشنە خوێندنەوەیەك بۆ ڕەوتی ئەدەبی لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان بێ پەنابردن بۆ بەرھەمە ئەدەبییەكانی قزڵجی و ڕۆڵی لەو پانتاییەدا، بەتایبەت چیرۆكی كوردی مەحاڵە.
قزڵجی وەرگێڕ و ئەدیب و زمانزانێكی لێھاتوو بووە. دەیان بابەتی ئەدەبی لە زمانەكانی فارسی، توركی، بولگاری و عەرەبی وەرگێڕاوەتە سەر كوردی، چەندان بابەتی زمانەوانیی بڵاو كردووەتەوە. قزڵجی ڕۆڵێكی بەرچاوی ھەبووە لە بوارەكانی چیرۆك، گوتار، ڕەخنە، لێكۆڵینەوە، زمانەوانی و وەرگێڕان.
حەسەن قزڵجی لە بنەماڵەیەكی خوێندەوار لە شاری بۆكان لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان لە دایك بووە. لە تەمەنی شەش ساڵییەوە خراوەتە بەر خوێندن. سەرەتا لەلای باوكی (مەلا عەلی) و سەید حوسێن باغڵووجە، دواتر لەلای مەلا ئەحمەد فەوزی و مەلا ئەحمەد تورجانیزادە خوێندوویەتی.
حەسەن قزڵجی یەكێك بووە لەو پیاوانەی ڕۆڵێكی ڕووناكبیری و ڕامیاریی باشی بووە لە كۆماری كوردستان بە سەرۆكایەتی قازی محەمەد. لە ھەڕەتی لاوەتیدا لە ساڵی 1942 لەگەڵ چەند كەسی ئازادیخواز و ڕووناكبیری تر بینیوە.
ئەم نووسەرە لە گۆڤارەكانی "كوردستان"، "ئاوات" و "ھەڵاڵە" نووسینەكانی بڵاو كراونەتەوە. ھەروەھا سەرنووسەر و بەڕێوەبەری گۆڤاری وێژەیی و ڕامیاریی گشتیی "ھەڵاڵە" بووە.
قزڵجی پاش كۆماری كوردستان وەك زۆربەی نیشتمانپەروەران، بە ناچاری هەڵاتووە و لە باشووری كوردستان جێگیر بووە. سەرەڕای ژیانی نھێنی و چەرمەسەری، درێژەی بە نووسین داوە و لە بڵاوكراوەكانی "ھیوا"، "ڕۆژی نوێ"، "نووسەری كورد" و "بەیان"دا بابەتەكانی بڵاو كردووەتەوە.
ئەم تێكۆشەرە لە ساڵی 1953بە بیانووی ئەوی خەڵكی عێراق نییە، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە رادەست بە ئێران كراوەتەوە، بەڵام لە دەرفەتێكدا خۆی لە دەستی پۆلیسی ئێران ڕزگار كردووە و خۆی گەیاندووەتە شاری ھەڵەبجە و لەوێ نیشتەجێ بووە.
پاشان چووەتە لای ھەژار موكریانی لە بەغدا و لەوێوە بۆ بولگاریا؛ لەوێ لە ڕادیۆی پەیكی ئێران بووەتە بێژەری ھەواڵی ڕامیاری بە زمانی كوردی. پاش ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتیی ئێران، لە ڕیزەكانی حزبی تودەی ئێران، وەك سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەڵك (مردم) كە بە كوردی دەردەچوو كاری كردووە. ساڵی 1983 حەسەن قزڵجی دەستبەسەر كراوە و خراوەتە گرتووخانە، قزڵجی ئەو كاتەی لە بەندیخانە بووە، تەمەنی 70 ساڵ بووە و پاش ئەوەی 10 مانگ لە ژێر ئەشكەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بووە، لە ڕۆژی 28ی ئەیلوولی 1985 لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێدارە دراوە و لە ژێر چاودێریی حكوومەت، تەرمەكەی لە گۆڕستانی بەھەشتی زارای تاران لە شوێنێكی نادیار بە خاك هاتووەتە سپاردن.