گۆڤاری "یەكەم چرا" بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای كولتووریی یاد، ڕێوڕەسمێكی شایستە و پڕ شكۆی بە ناونیشانی "یادێك لە دارولمولكی بابانەوە - یادی 100 ساڵەی پەیدابوونی هونەری شانۆ لە شاری سلێمانی" ساز كرد.
ڕێوڕەسمەكە دوێنێ دووشەم27ی تەمووز، لە سەنتەری ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی زانكۆی سەڵاحەدین لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان و ئومێد خۆشناو، ئازاد تۆفیق و بە بەشداریی ژمارەیەكی بەرچاو لە هونەرمەندانی دیار و بەئەزموونی بواری شانۆ لە شاری سلێمانی، هەروەها ئامادەبوونی كۆمەڵێك لە شانۆكاران، بیرمەندان و نووسەران بەڕێوەچوو.
لە ساتێكی پڕ لە هەست و سۆزی هونەریدا، مۆمی 100 ساڵەی پەیدابوونی شانۆ لە شاری سلێمانی داگیرسێنرا، كە هێمایەك بوو بۆ بەردەوامی و درێژەی كاروانی ڕۆشنبیری و هونەری لەو شارەدا.
پاشان گوتاری هەردوو ڕێكخەری ڕێوڕەسمەكە (گۆڤاری یەكەم چرا و دەزگای كولتووریی یاد) لەلایەن هونەرمەند ڕووبار ئەحمەدەوە پێشكەش كرا.
دواتر ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، گوتاری پارێزگای پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر گرنگیی ئەم یادە و پێگەی هونەریی شاری سلێمانی.
لە بڕگەیەكی تری ڕێوڕەسمەكەدا، دۆكیۆمێنتارییەك لەبارەی سەدە و مێژووی شانۆ لە شاری سلێمانی، نمایش كرا و ئامادەبووانی بردەوە بۆ وێستگە گرنگەكانی مێژووی شانۆی كوردی. دواتریش هونەرمەندی دیار ئەحمەد سالار پەیڤی تایبەت بە 100 ساڵەی شانۆی سلێمانی پێشكەش كرد و گوزارشتی لە قووڵایی و خەباتی هونەریی ئەم بوارە كرد.
یەكێك لە كاریگەرترین و پڕ بەهاترین بڕگەكانی ڕێوڕەسمەكە، تەرخان كرابوو بۆ ڕێزلێنان لەو هونەرمەندە شانۆكارانەی شاری سلێمانی كە تەمەنی هونەرییان پترە لە نیو سەدە، خزمەتێكی بێوچانیان بە هونەری نەتەوەكەیان كردووە و مێژوویەكی زێڕینیان تۆمار كردووە.