لەگەڵ هەڵهاتنی یەكەم رۆژی جەژنی قوربان، هەریەك لە خاتوونە گۆرانیبێژانی ناسراوی كورد كیژان ئیبراهیم خەیات و تارا ڕەسووڵ، بەبۆنەی جەژنەوە نوێترین بەرهەمی هونەریی خۆیان بڵاو كردەوە و وەك جەژنانە پێشكەشی هەوادارانی هونەری كوردیی دەكەن.
ئەمڕۆ لە یەكەم رۆژی جەژندا كیژان كە ئەلبوومە نوێیەكەی گەیشتووەتە هەوادارانی و بە"وشە"ی راگەیاند: "تەنیام" ناوی نوێترین بەرهەمی هونەریمە كە پێكهاتووە لە ئەلبوومێكی 11 تراكی و ئەمڕۆ وەك جەژنانەیەك بڵاومان كردووەتەوە. ئەو ئەلبوومە لە ساڵی 2016 دەستمان پێ كرد، گۆرانییەكان ستایلی جیاواز لە خۆ دەگرن.
ئەوەیشی گوت، دابەشكردنی گۆرانییەكان لەلایەن ئەفشین شوكری كاریان بۆ كراوە و موزیكەكان لەلایەن ژەنیاری بەتوانای كورد و ئێرانی و تورك ژەنراون.
هەر ئەمڕۆ خاتوونە گۆرانیبێژ تارا ڕەسووڵ بە"وشە"ی راگەیاند: "من بۆ تۆم" ناوی تازەترین بەرهەم و كلیپی گۆرانیمە و دیاری و جەژنانەی تایبەتی منە بۆ گوێگرانی هونەری كوردی، ئەو بەرهەمە لە هۆنراوەی سامی ئەرگووشییە و لە ئاوازی هونەرمەند هەڵكەوت زاهیرە. دابەشكردنی موزیكی ئاریۆس حەمەسەعید كردوویەتی و كاری وێنەگرتن و دەرهێنانی یوسف لەشكرییە، ئەو گۆرانییە جەژنانەی منە بۆ سەرجەم خەڵكی كوردستان لەناوەوە و دەرەوەی وڵات .
https://www.youtube.com/watch?v=Agbas5_iK0o&feature=share
وشە/ شاخەوان شێخانی