سلێمانى.. شانۆیه‌ك به‌ زمانى كوردى و عه‌ره‌بى نمایش ده‌كرێ

:: PM:08:31:19/12/2018 ‌
لە نوێترین کاری هونەریدا گرووپی شانۆیی سابونکەران، شانۆیی داری قەیسی لە سلێمانی نمایش  ده‌كات كه‌ لە تێکستی چەند خانمێکی عێراقییە و لە دەرهێنانی ڕه‌زوان تاڵیب و شیلۆ خالید کاری دیزاینی سەمای بۆ کردووە.

گرووپی شانۆی سابونکەران له‌ پێگه‌ى تایبه‌تى خۆیى له‌ تۆڕى كۆمه‌لاچیه‌تى فه‌یسبووك نووسیویه‌تى:" گرووپەکەمان لە ساڵی 2018 بەشداریی لە خولێکی ڕاهێناندا کردووە بە ناوی (نوسین بۆ ژیان) کە بۆ چەند خانمە نووسەرێکی عێراقی ئامادە کرابوو، ئەم خولە لەلایەن رێکخراوی ئیلبارلمێن و گرووپی شانۆیی زووقاق کاری ڕێکخستنی بۆ کرابوو، تێكسته‌كه‌ تایبەتە بە ژیانی ڕۆژانە لە عێراقدا، بە هاوئاهه‌نگى لەگەڵ ئیلبەرلەمان لەگەڵ کۆمەڵێک تێکستی تر کە دەرئەنجامی خولەکانە، کراوە بە شانۆیی".

ئەو پڕۆژەیەی کە ئەم کارەی لێ دروست بووە، بەخششی سپۆت لایت عێراقی بە دەستهێناوە کە لەلایەن دەزگای گۆتە و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاوە پێی بەخشراوە.

 بڕیارە شانۆیی داری قەیسی ڕۆژانی 21 و 22ی کانوونی یەکەم سه‌عات پێنجی ئێوارە، لە سەر شانۆی سینەما سالم بە زمانی عەرەبی و کوردی نمایش بکرێت.

گرووپی شانۆی سابونکەران چوارساڵ لەمەوبەر دامەزراوە، لە کۆمەڵێک ئەکتەر و شانۆکاری چەند نەتەوەیەکی جیاواز پێکهاتووە، لەبەر ئەوەی یەکەم نمایشیان لە کڵێسای مریەمی پاکیزە لە سابونکەران ئەنجامداوە، بۆیە گرووپەکەیان بەناوی (گروپی شانۆی سابونکەران)ەوەیە، ئەم گرووپە بە پاڵپشتی قەشە "یەنس پێتزۆلد" بەڕێوەبەری کڵێسای مەریەم ئەلعەزرا لە سلێمانی دامەزراوە.


وشە - محەمەد میران