ئەختەری ڕەشۆڵ دێتەوە بەردەرکی سەرا

:: PM:09:20:24/07/2019 ‌

لە دوای 63 ساڵ لە شەهیدبوونی ئەختەری ڕەشۆڵ، پەیکەرێکی بۆ دروست دەکرێت و لە هەمان شوێنی شەهید بوونەکەی دادەنرێت ئەمەش لە پێناو زیندوو کردنەوەی قارەمانێتی ژنێکی شۆڕشگێڕ.

چێنەر نزار پەیکەرساز دەربارەی پەیکەری ئەختەری ڕەشۆڵ بۆ "وشە" گووتی، دروست کردنی پەیکەرەکە ماوەی سێ مانگی خایاند و لە هاڕاوەی بەرد داڕێژراوە و بەرزی پەیکەرەکە بە بنکەکەیەوە سێ مەتر و 20 سانتیمەر و لە بەردەرکی سەرا دانراوە، چونکە ئەو شوێنەیە کە ئەو ژنە شۆڕشگێرە تیایدا شەهید کراوە.

سەبارەت بە بیرۆکەی کارەکەیش ئەو پەیکەرسازە گووتی، هۆکاری دروست کردنی پەیکەری ئەختەری ڕەشۆڵ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پەیکەری ژن لەسەر شەقامەکانی سلێمانی زۆر کەمە و بۆیە پێویستە بیر لەو ژنانە بکەینەوە کە قارەمان بوون و تێکۆشەر بوون، هەروەها هۆکارێکی تریش ئەوەبوو کە زیندوو کردنەوەی مێژوو لە هەموو دونیادا گرنگی خۆی هەیە بە کارە هونەرییەکان.

روونیشی کردەوە، ئەم پرۆژەیە لەلایەن د. تەها رەسوڵ و کۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێتەوە جێبەجێکراوە کە هەمیشە و هەمووکات د.تەها هاوکار و پشتیوانی کارکردنمە بۆ خزمەتکردنی کەسایەتیەکان بە هیوای ئەو هەنگاوانەی ناومانە و ئەو هەنگاوانەی کە ماون بتوانین خزمەتێکی نیشتمان و کەسایەتیەکان بکەین، جگە لەوەیش بیرۆکەی کارەکە لەلایەن سالار خواڕەحم و هاوکار عوسمان بووە.

ئه‌خته‌رساڵح ئه‌حمه‌د مه‌حموود بە ئەختەری ڕەشۆڵ ناسراوە و لە ساڵی 1929 لەدایک بووە خێزانی ڕەشۆڵی گۆرانیبێژ بووە له‌ڕۆژی هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی شێخ مه‌حمودی حه‌فید خه‌ڵكه‌كه‌ داوای ئازادكردنی شێخ له‌تیفی حه‌فید ده‌كه‌ن كه‌ له‌ سجنی سه‌ره‌وه‌ به‌ند كرابوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌ مه‌راسیمی به‌خاك سپاردنی ته‌رمی باوكیدا بكات، پاشان گرژی و ئاڵۆزی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌لایه‌ن خه‌لكه‌كه ‌و پۆلیسه‌كانه‌وه‌ له‌ 11ی ئۆکتۆبەری 1956 له‌ به‌رده‌ركی سه‌را بووه‌ به‌ ته‌قه‌ و ئه‌خته‌ر فیشه‌كێكی به‌رده‌كه‌وێت و شه‌هید ده‌كرێت.
 
سلێمانی/ ئاریان محەمەد


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان