منداڵانی هەولێر بە پاكڕاگرتنی ژینگە ئاشنای دەكرێن

:: AM:10:58:17/04/2017 ‌

فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە هەماهەنگی شاری یاریی سمیایلاند، سیمینارێك بۆ پاكڕاگرتنی ژینگە بۆ منداڵانی شاری هەولێر ساز دەكەن و لەو سیمینارەشدا منداڵان فێر دەكرێن چۆن ژینگەی خۆیان بە پاك و خاوێنی بپارێزن.

حاجی ئاغا ئەسعەد رێكخەری سیمینارەكە تایبەت بۆ (وشە) گوتی: بۆ رۆژی جیهانی ژینگە ئێمە وەك شاری یاریی سمایلاند بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، سبەی سێشەم سیمینارێك بۆ كۆمەڵێك منداڵانی قوتابخانەكانی سەرەتایی شاری هەولێر ساز دەكەین، لەو سیمینارەشدا منداڵان زیاتر ئاشنا دەكەین بە ژینگە و هەروەها هانیان دەدەین و فێریان دەكەین چۆن ژینگەی خۆیان بە خاوێنی رابگرن.

زیاتر گوتی: منداڵان نەوەی دواڕۆژی وڵاتن، بۆیە دەبێت لەسەرەتادا ئەوان فێر بكەین كە چۆن ئاشنای زیاتری ژینگەبن و دەوروبەری خۆیان بە خاوێنی رابگرن، دڵنیام ئەگەر ئەوان بەباشی ئاشنا بكرێن بە ژینگە، لە داهاتوودا كوردستانێكی جوان و پاك و خاوێنمان دەبێت.

حاجی ئاماژەی بەوەشدا كە ئەوان لە شاری یاریی سمایلاند لە شاری هەولێر دوای سیمینارەكە، منداڵانی بەشداربوو دەبەنە شاری یاریی سمایلاند و سەرجەم یارییەكانیان بەخۆڕایی پێشكەش دەكەن، ئەمەش وەك هاندانێك دەبێت تا لەمەودوا ژینگەی خۆیان بپارێزن.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی سمایلاند زیاتر گوتی: ئامانجمان لە كردنەوەی سیمینارەكە ئەوەیە كە منداڵان هەموو رۆژێك بە رۆژی جیهانی ژینگە بزانن و سروشتی كوردستان خاوێن رابگرن تا بەجوانترین شێوە دەربكەوێت.

حاجی لە كۆتاییدا جەختی كردەوە كە ئەوان وەك شاری یاریی سمایلاند لە داهاتوودا كاری زیاتریش لە بواری ژینگە و سەرجەم بوارەكانی ژیاندا دەكەن بۆ ئەوەی وەك وڵاتانی پێشكەوتوو ژینگەیەكی پاك و خاوێن و كوردستانێكی گەشاوەیان هەبێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م